پەرلەمانی كوردستان یاسای دەستەی گشتی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی كرد بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

هەولێر – تایبەت بە KDP.info /ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی تری ئاسایی سازدرا بە مەبەستی گفتوگۆكردن و خستنە ڕووی یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای دەستەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و دواجار بە زۆرینەی دەنگ یاساكە كرا بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئامینە زكری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی كوردستانی لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.info گوتی: دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بوو بە هەمواركردنەوەی یاسای دەستەی گشتی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی هەرێمی كوردستان بۆ زاراوەی دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان .
ناوبراو گوتیشی: ئەو پرۆژەیە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرابوو ئەمە لە كاتێكدا كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی سەبارەت بە گۆڕینی زاراوەی ناوچە دابڕاوەكان یاخود كێشە لەسەر یاخود ناكۆكی لەسەرەكان بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەركرد و خۆشبەختانە ئەمڕۆ توانرا بەفەرمی ئەو بابەتە یەكلایی بكەینەوەو پرۆژەكە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەمواركردنەوەكەی پەسەندكرا.




