بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان یادی 39 ساڵەی بۆردومانی قەڵادزێ بەرێوەچوو

بە ئامادەبوونی د. حەسەن محەمەد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و مامۆستا ئارام وەزیری شەهیدان و ئەنفال و شێروان حەیدەری وەزیری داد و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و میوانانی بیانی و كەس و كاری قوربانیان و هاوڵاتیانی دەڤەرەكە یادی 39 ساڵەی كارەساتی بۆدومانكردنی قەڵادزێ لەلایەن رژێمی بەعس لەژێر ناونیشانی لە فرمێسكەوە بەرەو هیوا بەرێوەچوو .
سەرەتای رێورەسمەكە بەرۆیشتنێكی هێمنانەی جەماوەری لەبەردەم قائیمقامیەت تا گۆرستانی شەهیدان دەستی پێكرد دەستی پێكرد
پاشان بەدەم سرودی ئەی رەقیب و خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە بۆ گیانی پاكی شەهیدان وەستان و دواتر چەند ئایەتێك لەقورئانی پیرۆز پێشكەشكرا
لەوتەیەكی بەخێرهێناندا قائیمقامی پشدەر كورتە باسێكی لەبارەی كارەساتی بۆردومانی قەڵادزێ لە 24/4/1974 لەلایەن رژێمی بەعس خستە روو كە بە چەكی قەدەغەكراوی ناپاڵم و فسفۆری ئەنجام درا و 163 شەهید و زیاتر لە 250 برینداری لێكەوتەوە كە بەشێكیان قوتابی و مامۆستایانی زانكۆ بوون، هەروەها باسی لەو بوژانەوەیە كرد كە ناوچەكە لەسەردەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاش راپەرین بەخۆیەوە بینیوەو داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە مەرزی كێلێ بكرێت بە مەرزێكی نێودەوڵەتی و پەیمانگەی تەكنیكی بكرێتەوە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بەو شارە بكرێت.
پاشان مامۆستا ئارام وەزیری شەهیدان و ئەنفال لە وتارێكیدا باسی لە وێرانكارییەكانی ئەو رووداوە كرد و هاوكات ئەو خزمەتگوزاریانەی خستە روو كە پێشكەش بە كەس و كاری شەهیدان كراوە و بە پێویستیشی زانی زیاتر خزمەت بە ناوچەكە بكرێت و ئەم كارەساتەش بكرێت بە پرسی نیشتیمانی چونكە ئەمە موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە و پێویستە ئەو یادكردنەوانە ببنە هاندانێك بۆ زیاتر هێنانە كایەوەی تەبایی، دروشمی وەزارەتی شەهیدانیش بۆ كارەساتبارەكانی كوردستان لە فرمێسكەوە بۆ هیوا بێ، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی هاتنە كایەوەی هیواكان بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان پاشان سوپاسی كەس و كاری شەهیدان و دەم و دەزگا حكومی و حزبیەكان و رێكخراوەكان و كەسایەتیەكان و چالاكوانان و گشت هاوڵاتیانی كرد سەبارەت بە بەرێوەچوونی یادی ئەو كارەساتە .
پاشان عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكیدا بە ناوی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرەكان رایگەیاند سەری رێز بۆ شەهیدانی ئەو كارەساتە دادەنوێنین و هیواداریان روحیان لە بەهەشت شاد بێت و رێبازیان رۆشن بێت و هەموو لایەنەكان لەسەر ئەو رێبازە كوردایەتیە بەردەوام بین، پاشان باسێكی لە مێژووی شارەكە و رۆڵی لە خەبات و گیان فیدایی شۆرشەكانی گەلی كوردستان بەرز نرخاند، هەروەها رایگەیاند ئەمە یادێكی نەتەوەییە و پێویستە هەموومان شانازی بكەین بە خەباتی خۆمان و دوای راپەرین بە هیمەتی هەموو لایەنەكان توانیمان ئاستی وڵاتەكەمان لە رووی ئیداری و لە رووی ئابووری و لە رووی سیاسی لەناو عێراق و لە ناوچەكە دیاربێت و بتوانین بڵێن خوێنی شەهیدەكانمان بە فیرۆ نەچوە و ئەمرۆی بە دیهێناوە .
جێگری سەرۆكی حكوومەت رایگەیاند لە ساڵی 1974 تەنها زانكۆیەكمان هەبوو و لەم شارە زانكۆكەمان شەهید كرا،بەڵام ئەمرۆ لەسایەی هەرێمی كوردستان و ئازادییەكان 22 زانكۆ و 24 پەیمانگە و بە سەدان هەزار خوێندكار و قوتابیمان هەیە، بەم شێوەیە كوردستانمان ئاوەدانكردەوە و عێراقیشمان لە دكتاتۆریەت رگار كرد، پاشان بەناوی سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەهەمووان كرد بەیەكەوە كوردستان زیاتر ئاوەدان بكەینەوە ئەمەش بە یەكریزی و تەبایی دەبێت لە نێوان سەرجەم پێك هاتەكانی كوردستان و زیاتر پێگەی كوردستان لە ناوچەكە بەهێز بكەین و ئایندە رۆشنتر بكەین.
پاشان هەریەك لە د. محەمەد علی سەرۆكی زانكۆی راپەرین و كازم حەبیب نوسەر و رووناكبیری عەرەب وتاریان پێشكەش كرد و درندەیی ئەو كارەساتەیان خستە روو .
هەر لە یادەكەدا بەچەندین سرود و موزیك یادەكە بەرزتر نرخێنرا و پاشان وتاری نوێنەری كەس و كاری شەهیدان پێشكەش كرا، دوابەدوای ئەوەش تاجەگوڵینەی رێزلێنانی سەرۆكی كۆماری عێراق و پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و وەزیرەكان و حزب و لایەنە سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و بنەماڵەی شەهیدان و هاوڵاتیان لەسەر گڵكۆی شەهیدان دانرا كۆتایی بە مەراسیمەكە هات.




