ئورهان گەنجەبای: تورك چەندە كوردە كوردیش ئەوەندە توركە

ئەستەنبووڵ- KDP.info/ هونەرمەندی ناوداری تورك و ئەندامی كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد ئورهان گەنجەبای باسی كار و چالاكییەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندانی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد كردووە و گوتی: پرسی كورد پرسی توركیشە.
لەم بارەیەوە كاناڵی خەبەر توركی توركیا رایگەیاند كە ئورهان گەنجەبای باسی كۆڕ و كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندانی بۆ رەخساندنی زەمینە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كوردی كردووە و وتوویەتی: راستە ئێمە دەڵێن پرسی كورد، بەڵام ئەم پرسە چەندە پرسی كورد بێت هەر ئەوەندەیش پرسی توركە، چونكە لە توركیا كورد و تورك ئەوەندە تێكەڵاوی یەكتر بوونە كە خۆشی و ناخۆشییەكانیان یەكن و جیاكردنەوەیان زۆر ئەستەمە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە كورد هیچ بەرنامەیەكی بۆ دابەش كردنی خاكی توركیا نییە، بەڵام دەیەوێ لە توركیا بە شێوەیەكی یەكسان لەگەڵ توركەكاندا ژیان بكات و ببێتە خاوەن ئەو مافانەی كە لە دەستووردا بە هاووڵاتییە توركەكان دراون.
ئورهان گەنجەبای لە كۆتایی وتەكانیدا باسی نەبوونی جیاوازی لە نێوان كورد و توركدا كردووە و وتوویەتی: تورك چەندە خۆیان كورد دەزانن ئەوا كوردەكانیش هەر ئەوەندە خۆیان بە تورك دەزانن، هەر بۆیە پێویستە هاووڵاتییە توركەكان بۆ چەند ساتێك خۆیان بخەنە شوێنی هاووڵاتییە كوردەكان و ئەوسا قسە بكەن.




