عەتاسەراوی بۆ KDP.info: 70ساڵە بارزانی سەركەوتن بە دەست دەهێنێت خەیرە هەندێك دەڵێن بە 5 ئەدای كاری باش نەبووە؟

هەولێر /KDP.info/بەرپرسێكی سەربازی یەكێتی ئەوە دەخاتەڕوو سەرۆكی هەرێم لە ئەدای كاری خۆی سەركەوتووە و مێژووش شایەتی بۆ دەدات، ئەوەش دەخاتەڕوو هێزە ئیسلامیەكانی كوردستان ناتوانن لە %15ی متمانەی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن.
عەتا سەراوی یەكێكە لە فەرماندەی سەربازی تایبەت بە سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو، ئێستاش ڕاوێژكاری سەربازی جەلال تاڵەبانی و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیە، لە كۆنگرەی دووەمی یەكێتی هەڵبژێردرایەوە، ناوبراو لە دیمانەیەكدا لەگەڵ KDP.infoتیشك دەخاتەسەر كۆمەڵێك پرسی گرنگ لەوانە مەسەلەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەدای كاری سەرۆكی هەرێم وەك خۆی دەڵێت: " لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، ئەگەر لە ئەدای كەسێك لە پۆستێكدا كەمووكورتی هەبێت بەشێك لە كەمووكورتیەكە دەگەڕێتەوە بۆ كەسایەتییەكە، چونكە ئەم وڵاتە وڵاتی دامەزراوەیی نییە عێراق ئەو هەموو كێشەو گرفتانەی تێدایە هەرێمی كوردستان ئەو هەموو گرفت و شەڕی ناوخۆ و ململانێی حزبیانەی تێدایە ئەم كێشانە دەرفەت بۆ دامەزراوەیی بوونی كوردستانی كەم كردۆتەوە".
دەشڵێت:"من خۆم یەكێك بووم لەو نەیارانەی كە لە ڕێكەوتنی پارتی و یەكێتی تێبینیم هەبووبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك كەمووكورتی لە هەرێمی كوردستان تەنیا كەسێك لێی بەرپرس نیە، بەتایبەتی ئەگەر قسە لەسەر پۆستی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بكرێت ئەوەی لێی بەرپرسیارە لەوە دەچێت ئەو حزبانە بن كە دەسەڵاتیان بە دەستە بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، بۆ جەنابی مام جەلالیش لە عێراقدا هەروایە بۆیە وڵاتەكە وڵاتێكی دامەزراوەی نییە و گوناحە تاكە كەسێك تۆمەتبار بكرێت، چونكە كێشەكە هی تاكەكەس نییە ئەی خێرە جەنابی كاك مەسعود توانیویەتی 70 ساڵە سەركەوتووبێت لە بەڕێوەبردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا نەتوانێت سەركردایەتی هەرێمێك بكات، لەبەر ئەوە كەموو كورتیەكان لە هەرچوار دامەزراوەكەی هەرێم ناگێڕنمەوە بۆ خودی كەسەكان بەڵكو ئەوە پەیوەندی بە دامەزراوەیی بوونی كوردستان و بارودۆخی ناوچەكەوەهەیە".
دەربارەی ئاراستە كاركردنی هێزە ئیسلامییەكانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی عیلمانی، عەتاسەراوی ئەوە دەخاتەڕوو: هیچ كات حەزبەوە ناكات گۆڕان وەك هێزە ئیسلامییەكان بیر بكاتەوە، گوتی:" بەداخەوە ئەوان بە ناچاری بوونەتە هاوپەیمانی ئیسلامییەكان چونكە قەد ئیسلامی سیاسی ناتوانێت لەم وڵاتە حوكم ڕانی بكەن گەلی كورد لە %15ی زیاتر ناتوانن قبوڵی ئیسلامی سیاسی بكەن، چونكە خەڵك ئێستا هۆشیار بووە و دەزانێت چی بكات و بەڕاستی چەرخی سیاسی ئەمڕۆ تاقی كردنەوەیەكی باشە كە خەڵك یەكلای بكاتەوە ئەوەش بەهۆی پێشكەوتنوو و دنیابینی خەڵكەوە ".
گوتیشی:" ئەگەر ئێستا باسی كێشەی یاسایی خۆ كاندید كردنەوەی بارزانی بكرێت و گوایە ئیسلامیەكانیش كاندیدیان هەبێت ئەوە زۆر بە دڵنیاییەوە كە خەڵك دەنگیان ناداتێ، هەتا بارزانی وەستابێت ئەوان دەنگ ناهێنن ئەوە خەیالێكی خاوە، خۆ ئەگەر یەكێتی و گۆڕان كاندیدیان نەبێت ئەوە خەڵكی ئەو دوو هێزە دەنگ بە بارزانی دەدەن، نەك كاندیدی ئیسلامیەكان، چونك ئەوان دەستێكی ئەمین نین و ئێستاش گۆڕان و جەماوەری گۆڕان، بارزانیان لە ئیسلامیەكان زۆر پێ باشترە".
ئەوەشی خستەڕوو كە هیچ كات جەماوەری یەكێتی دەنگ بە كاندیدی ئیسلامی نادەن و جەماوەری گۆڕانیش بەگوێی سەركردەكانیان ناكەن، تا دەنگ بە ئیسلامیەكان بدەن.
عەتاسەراوی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی زیاتر قسەدەكات و ئەوە دەخاتەڕوو ئەگەر ئەو كەموو كورتیانەی لە حزبەكان نەبوایە ئەوان نەیان دەتوانی بگەنە ئەمڕۆ".




