هەرێمی کوردستان کەشێکی لەبارە بۆ خولقاندنی هەلی کار بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان
رۆژی سێشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠١٣، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە مەبەسەستی سازدانی زنجیرەیەک دیدار و چاوپیکەوتن و بە یاوەری زانا کورد راوێژکاری نوێنەرایەتی، سەردانی پەڕلەمانی ئەوروپای کرد
لە یەکەم وێستەگەی سەردانەکەیدا، دلاوەر ئاژگەیی چاوی کەوت بە 'ئەلیخۆ ڤیدال کوادراس' جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا. لە سەرەتادا ڤیدال کوادراس پیرۆزبایی لە دلاوەر ئاژگەیی کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانیدا.
لە میانەی ئەو دیدارەدا چەند تەوەرێکی گرنگ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی باسیان لێوەکرا.
لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای عێراقدا، ڤیدال کوادراس نا ئومێدی خۆی بەرامبەر ئەو ڕەوشە دەربڕی کە لە سایەی حوکمڕانی نادیموکراتیانەی نوری مالکی سەرۆک وەزیراندا عێراقی بەرەو لێواری هەڵدێر و لێکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بردووە. لەو چوارچێوەیەدا جیگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەی بەو جیاوازییە ئاشکرایە کرد کە لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقدا بەدیدەکرێ و لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵ و سەرکردایەتی بەهێزی سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە سەرانسەری عێراقدا ڕۆڵی مێژوویی و بنیادنەری گێڕاوە.
لە لای خۆیەوە ئاژگەیی سوپاسی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپای کرد بۆ دۆستایەتی و دەربڕینی ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی کە بەڕێزیان لە گەل و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و هیوای خواست کە ڤیدال کوادراس بە یاوەری شاندێکی پەرلەمان، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەڕلەمانی ئەوروپا باسیان لێوەکرا و لەو چوارچێوەیەدا چەند پێشنیار و پرۆژەیەک بۆ کاری هاوبەش، بە تایبەتی لە بواری ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورددا، تاوتوێکران.
نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی چاوی کەوت بە 'نیکۆلۆ ڕیندالدی' ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆکی 'لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی' لە پەرلەمانی ئەوروپا. لە میانەی ئەو دیدارەدا پێشکەوتنی بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێم لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و یەکێتی ئەوروپادا باسیان لێوەکرا. لە سەرەتادا دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەیدا بەو سامانە فراوانە سروشتییەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی و باسی لە سیاسەتی کاریگەریی حکوومەتی هەرێم کرد لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێناندا کە هەرێمی کوردستانیان کردۆتە یەکێک لە کاراکتەرە گرنگە نێودەوڵەتییەکانی بواری وزە. دلاوەر ئاژگەیی هێمای کرد بە کەشی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بە کەشێکی پڕدەرفەتی وەسفکرد بۆ بەدەتهێنانی قازانجی زۆر و خولقاندنی هەلی کار بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان. هەر لەو ڕوانگەیەوە ئاژگەیی هیوای خواست کە دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەتی پەرلەمان، ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕن لە هاندانی کۆمپانیا ئەوروپییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دا. لە لای خۆشیەوە نیکۆلۆ ڕیندالدی ڕایگەیاند کە ئەوان لە پەڕلەمانی ئەوروپا ئاگاداری ڕەوتی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانن و بە هەندو بایەخەوە دەڕواننە ڕەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان. لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا میکانیزمەکانی باشکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نیوان یەکێتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان باسیان لێوەکرا و لەو چوارچێوەیەدا نیکۆلۆ ڕیندالدی ئامادەباشی خۆی و لیژنەی بازرگانی پەرلەمانی نیشاندا بۆ کاری هاوبەس و گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی پراکتیکی لە پێناو قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (٢٣ی نیسان) دلاوەر ئاژگەیی و شاندی هاوڕێی لە ئێوارەخوانێکدا چاویان بە بەڕێز خاتوو 'یوانا سینەژین' ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕلەمانی ئەوروپا کەوت. لە سەرەتادا خاتوو سینەژین پیرۆزبایی لە بەڕێز ئاژگەیی کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری حکوومەتی هەریم لە یەکێتی ئەوروپا. لە لای خۆشیەوە دلاوەر ئاژگەیی سوپاسی بێپایانی خاتوو سینەژینی کرد کە وەک دۆستێکی ڕاستەقینەی کورد پشتگیری لە هەرێمی کوردستان ودۆزە ڕەواکەی کردووە بە تایبەتی لە بواری ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورددا. لەو مینایەدا بەڕیز دلاوەر ئاژگەیی جاریکی دی سوپاسی خاتوو سینەژین-ی کرد بۆ هاوکاریکردنی نوێنەرایەتی لە ڕێکخستنی ئەو پێشناگا وێنەییەدا کە سەبارەت بە جینۆسایدی گەلی کورد مانگی ڕابردوو بۆ ماوەی هەفتەیەک لە پەڕلەمانی ئەوروپا سازکرابوو.
هەر لە میانەی ئەو ئێوارەخوانەدا باس لە پڕۆژەی بەفەرمی ناساندنی جینۆسادی کورد لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە کرا و لەو میانەیەدا ڕێکار و هەنگاوە پێویستەکانی ئەو پرۆسەیە تاوتووێ کران و هەردوولا کۆک و هاوڕا بوون لەسەر پێویستی دانانی گروپێک لە 'دۆستانی کورد' بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پرسە لە پەرلەمانی ئەوروپادا. دانیشتنەکە بە تاوتوێکردن چەند پێشنیارو بیرۆکەی دیکە بۆ کاری هاوبەش کۆتایی پێهات.




