ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات

هەولێر – تایبەت بە KDP.info / لە رێگەی نووسراوێكی فەرمیەوە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە كە كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و وادەكەشی لە گەڵ وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە KDP.info لە ماڵپەری فەرمی پارێزگای هەولێرەوە دەستی كەوتووە و نووسراوەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كردووە، تیایدا هاتووە: لە میانەی دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە رۆژی 22-4-2013 باسی رەوشی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرا، وەك ئاشكراشە یەكەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە 30-1-2005 ئەنجام دراوە لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا كە 9 ساڵ تێپەڕدەبێت و هیچ هەڵبژاردنێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدراوە.
هەر لەو نووسراوە فەرمیەدا هاتووە: لە پێناو بەرەو پێشبردنی پرۆسەی دیموكراسی و پیادەكردنی لامەركەزی ئیداری و دابەزینی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە، ئەندامان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان دا لە رێگەی ئەم یاداشتەوە داوا لە بەڕێزتان بكەن بۆ ئەوەی بفەرموون بە بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و واش بەباش زانرا كە هەمان وادەی دیاریكراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.




