٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاوپەیمانی كوردستانی: تاكە رێگا كە پێویستە عەرەبی كەركووك هەڵیبژێرێت پێكەوەژیانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / لەبەرامبەر ئەو گرژیانەی ئەمڕۆ كە لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك لەنێوان هاووڵاتیانی خۆپیشاندەر و سوپای عێراق روویدا كە دواجار بوو بەشەڕێكی خوێناوی و بەدەیان كەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكی زۆریش لە هاووڵاتیان و كارمەندانی سوپا برینداربوون، لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت و وتەبێژی لیستەكەش دەڵێت تاكە رێگا كە پێویستە عەرەبی كەركووك هەڵی بژێرێت پێكەوەژیانە لە گەڵ نەتەوەكانی كورد و توركمان و نەتەوەكانی تری پارێزگاكە.

موئەیەد تەیب وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆkdp.infoسەبارەت بە هەڵوێستی لیستەكەیان لەمەڕ رووداوەكانی ئەمڕۆی قەزای حەویجە گوتی: سەركردەو هاووڵاتیانی عەرەبی شاری كەركووك لە كاتی خۆیدا پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی دیجلەیان بە هەنگاوێكی ئەرێنی و گەورەو سەركەوتوو لە قەڵەمدا و بەشداریان لە ئاهەنگی پێكهێنانن و راگەیاندنی ئەو هێزە كرد، بەڵام دوای ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە قەزای حەویجە روویدا دەبێت عەرەبی كەركووك رێگەی پێكەوەژیان لە گەڵ نەتەوەكانی كورد و توركمان لە كەركووك هەڵبژێرن و لە پێناو ئەمنیەتی و ئاسایشی ئەو پارێزگایە كاربكەن و رێز لە ئەنجوومەنی پارێزگا بگرن و بەهی خۆیانی بزانن.

 سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو رووداوەی ئەمڕۆ روویدا ناوبراو گوتی: ئێمە وەكو لیستی هاوپەیمانی كوردستانی هەم بانگی سوپا و هەم بانگی خۆپیشاندەرانیش دەكەین بۆ ئەوەی هەردوو لا لایەنی دەروونی خۆیان رابگرن و نەهێڵن توندوتیژییەكان پەرە بسەنێت و رێگە بە ئەو كەس و لایەنانە نەدەن كە لە دژی پرۆسەی سیاسین و دەیانەوێت رەوشەكە زیاتر تێك بدەن.

 سەبارەت بە پێشبینییەكانی لەمەڕ هەڵوێستی ئایندەی هاووڵاتیان و سەركردەو سەرۆك هۆزەكانی عەرەب لە پارێزگای كەركووك موئەیەد تەیب گوتی: بەڕای ئێمە كە لە رابردووشدا رامانگەیاندبوو پێویستە رێز لە راو كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا بگیرێت و دامەزراندنی هێزی دیجلەو هاوشێوەكانی دەبنە هۆی شێواندنی رەوشی ناوچەكە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتاری عەرەبی كەركووك وایانزانی كە دامەزراندنی ئەو هێزە دەبێتە هۆی بەهێزی ئەوان بەڵام ئێستا بۆیان دەركەوتووە كە ئەو پێشبینیەیان راست نەبووەو هیوادارین ئەو قەناعەتە دروست بووبێت لەلایان كە تاكە رێگا هەڵیبژێرن بریتییە لە رازی بوون بە پێكەوەژیان لە گەڵ هەردوو نەتەوەی توركمان و كورد و نەتەوەكانی تر لە كەركووك و هەوڵدان بۆ پتەوكردنی گیانی برایەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار