ئەحمەد تورك: پرسی كورد لە پرسی قوبرس و فەلەستین گرنگترە

دیاربەكر- KDP.inf0/ هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك لە كۆبوونەوەی نائاسایی كەجەدە دا رایگەیاند كە پرسی كورد گرنگتر لە پرسی فەلەستینە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی نووچەخانە بڵاوی كردووەتەوە كە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك لە وتاری خۆیدا كە لە كۆبوونەوەكەدا پێشكەشی كردووە باسی پرسی كوردی لە توركیا كردووە و گویەتی: پرسی كورد لە پرسی 5 میلیون فەلەستینی و 70 هەزار قوبرسی گرنگترە.
ئەحمەد تورك ئاماژەی بەوە كردووە كە پرسی كورد تەنیا لە توركیا نییە، بەڵكو لە وڵاتە دراوسێكانی توركیایشدا پرسێكی لەمجۆرە بوونی هەیە و پرسی كورد پرسێكی گرنگ و سەرەكییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
سەبارەت بە قۆناغی چارەسەركردنی پرسی كوردیش ئەحمەد تورك گوتویەتی: هەر چەند قۆناغەكە بەردەوامە، بەڵام بە هۆی ئەوەیەوە كە دەوڵەتی توركیا تا ئێستە هەنگاوی بەرچاوی نەناوە ترسمان لە سەرنەكەوتنی قۆناغەكە هەیە، بۆیە بۆ سەركەوتنی ئەم قۆناغە داوا لە بەرپرسانی توركیا دەكەین كە ئەوانیش لەلای خۆیانەوە هەنگاو بنن.




