محەمەد عەلی شاهین: ئەگەر شتێك بە سەر ئەندامی کۆمیتەی عەقڵمەندان دا بێت مەهەپە بەرپرسیارە

ئەنقەرە KDP.info/ دوای ئەوەی كە رۆژی شەممە سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرەستی تورك ( مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی لەکۆبوونەوەی پارتەكەی خۆی لە شاری ئەزمیر هەڕەشەی لە سەرۆك وەزیری توركیا ئەردۆغان كرد و گوتی: ئێمە بە هیچ شێوەیەك درەفەت بە ئەردۆغان نادەین كە بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە و سەرۆكی پێشووی پارلەمانی توركیا محەمەد عەلی شاهین رەخنەی لە مەهەپە و سەرۆكی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی گرت و گوتی: مانای ئەو وتانەی باخچەلی تاوانە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی سەباحی توركی رایگەیاند كە جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە محەمەد عەلی شاهین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ئەنقەرادا گوتوویەتی: دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە بە شێوەیەكی راستەوخۆ هەڕەشە لە سەرۆك وەزیری توركیا و ئەو كەسانە دەكەن كە هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەدەن و ئەم هەڕەشانەش ئەوە دەگەینن كە مەهەپە خۆی بۆ كوشتنی ئەو كەسانە ئامادە كردووە.
محەمەد عەلی شاهین باسی ئەوەی كردووە كە ئەم قۆناغە نوێیە لە لایەن سەرۆكی گشتی ئاكەپە و سەرۆك وەزیری توركیاوە دەستی پێكردووە و مەهەپە ناتوانێت هیچ جۆرە ئاستەنگییەك بۆ سەرۆك وەزیری توركیا دەربخات چونكە رای گشتی توركیا پشتگیری لە سەرۆك وەزیری توركیا دەكات.
شاهین جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە رەنگە مەهەپە هانی لایەنگرانی خۆی بدات كە هێرش بكەنەوە سەر ئەندامانی هەر دوو کۆمیتەی عەقڵمەندان و کۆمیتەی چاودێری قۆناغی چارەسەریی. هەر بۆیە لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەینین كە ئەگەر هاتوو تەنانەت پەنجەی یەكێك لە ئەندامانی ئەو دوو كۆمیتەیە بریندار بوو، ئەوا با هەر كەس بزانێت كە بەرپرسیار دەوڵەت باخچەلی و مەهەپەن.




