پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵەی گۆڤاری ( گوڵان)ـەوە

هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و تەواوی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)ـی ئازیز
بەبۆنەی بیستەمین سالڕۆژی گۆڤاری ( گوڵان)ـەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەین و دەستی ئەفراندنی یەكەیەكەتان دەگوشین و بە سوپاس و پێزانینی زۆرەوە دەڕوانینە ماندووبوون و بەرهەمی بە پێزتان كە لە گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی كوردستانیدا شوێنی شایستەی خۆی هەیە.
ئومێدەوارین ئەو گوڵانەی كە بیست ساڵ لەمەوبەر وەكوو ئەزموونێكی نوێ یەكەم ژمارەی دەرچووە و لەم ماوەیەدا رووداوی گرنگی تۆمار و شی كردۆتەوە، بەردەوام بێ و بەرهەمی ئێوەیش رووی لە هەڵكشانی زیاتر بێ.
هەڤاڵان بەر لە بیست ساڵ دەرچواندنی گۆڤاری ( گوڵان) بڕیار و كارێكی بوێرانەی سیاسی و پیشەیی بوو. لەو سەروبەندەدا بوو كە رۆژنامەگەریی لەگەڵ یەكەمین حوكمڕانێتی خۆییدا مامەڵە بكات و گوڵان بە گوتارێكی رەخنەگرانەوە هاتە مەیدان و ماسافەیەكی وەكوو یەكی لەنێوان خۆی و تەواوی ژیانی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستاندا هێشتەوە و رۆڵی بەرچاوی گێڕا لە بەرچاورۆشنكردنەوەی حكومەت و خەڵكدا.
ئێستاش پاشی بیست ساڵ و دوای كەڵەكەبوونی ئەزموونی زۆری پیشەیی و سیاسیتان چاوەڕوانیمان لەم گۆڤارە ئازیزە هەر ئەوەیە كە درێژە بەو رۆڵەی خۆی بدات و بە شیكردنەوەی زانستی بابەتیانە و راستگۆ هاوكار و پشتیوانی هەنگاوەكانی چاكسازی سیاسی و كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابووری و یەكڕیزی ناوماڵی كوردستانیی بێت لەبەرامبەر ئەو پڕكێشییە زۆرانەی رووبەری گەلی كوردستان و دەستكەوتەكانی بۆتەوە .
جارێكی دیكە بیست ساڵەی گۆڤاری گوڵانی ئازیز لە ئێوە و ئێمە و خوێنەرانتان پیرۆز بێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
21ی نیسانی 2013




