نێچیرڤان بارزانى: پرۆسه‌ى سیاسى له ده‌ستێكى ئه‌میندایه

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 21ى نیسانى 2013، نێچیرڤان سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمى كوردستان، به ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، به‌شدارى له ئاهه‌نگی ده‌رچوونى 270 پۆلیسی خولی چواره‌می زانكۆی پۆلیسی سلێمانى كرد.
له وته‌یه‌كدا نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌تا پیرۆزبایی له ده‌رچووانی خولی چواره‌می زانكۆی پۆلیسی سلێمانی كرد و هیواى خواست كه ببنه مایه‌ی زیاتر پێشخستنی ده‌زگای پۆلیس له كوردستان و ئه‌و یه‌ك ساڵه‌ی خوێندوویانه له‌گه‌ڵ چوار ساڵی پێشووتری خوێندنیان له كۆلیژه‌كانی دیكه‌دا، پاشخانێكی گه‌وره‌ی پێ به‌خشیبن بۆ باش تێگه‌یشتن له گرنگیی كار و ئه‌ركی پۆلیس له كۆمه‌ڵگه‌ى دیموكرات و پێشكه‌وتوودا و ڕایگه‌یاند كه ده‌یانه‌وێ نموونه‌یه‌كی به‌وشێوه‌یه له‌و ناوچه‌یه‌دا پیشان بده‌ن.
نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه "پۆلیس ڕه‌مزی سه‌روه‌ریی یاسا و ده‌سه‌ڵاتداریی یاسایه، ئێمه تاوه‌كو ئه‌و چه‌مكه‌مان به كرده‌وه هێنایه شوێنی خۆی، كار و زه‌حمه‌تییه‌كی زۆری ویست، چونكه له ووڵاتێكی دیكتاتۆری و عه‌سكه‌رتاریه‌تى وه‌ك عێراقدا، پۆلیس كرابووه مایه‌ی نوكته له‌سه‌ركردن، هه‌روه‌ها كرابووه ده‌زگای پاراستنی حوكم؛ نه‌ك حوكمی قانوون، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئێستا ئه‌و تێڕوانینه به ته‌واوه‌تى گۆڕاوه، هه‌وڵێكی زۆرمان دا كه ده‌سه‌ڵاته‌كان بگێڕینه‌وه بۆ پۆلیس، ئێستاش ئه‌وه به ڕوونی به كرده‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینرێت".
سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئێستا كار له‌سه‌ر پێشخستنی كاری پۆلیس ده‌كات به پێی چه‌مكێكی هاوچه‌رخ كه پێى ده‌گوترێت چه‌مكی (پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی) و ئه‌و چه‌مكه به مانا ساده‌كه‌ی بریتییه له هاوكاریی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ پۆلیس و كه‌مكردنه‌وه‌ی ترسی كۆمه‌ڵگه له ڕوودانی پێشێلكاریی مافه‌كان و ڕوودانی تاوان. له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه ڕێزگرتن بۆ پۆلیس له لایه‌ن خه‌ڵك و ڕێزگرتن له هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه له لایه‌ن پۆلیسه‌وه دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و چه‌مكه ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش هان ده‌دات كه هاوكاریی ده‌زگاكانی حكوومه‌ت بكه‌ن له پاراستنی سه‌قامگیری و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له هه‌رێمى كوردستان.
هه‌روه‌ها باسى له گرنگیى پاداشات و خه‌ڵاتكردنى پۆلیسه نموونه‌ییه‌كان كرد و گوتى:" زۆر پێویست و گرنگه ساڵانه خه‌ڵات بدرێته چه‌ند ئه‌فسه‌ر و پۆلیسێكی نموونه‌یی له هه‌ڵسوكه‌وتكردنی پاك و دڵسۆزانه‌یان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا".
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان خۆشخاڵیی خۆی له به‌رامبه‌ر پرۆگرامی خوێندنى كۆلێژى پۆلیس ده‌ربڕی و گوتى: "زۆرم پێخۆشه و خۆشحاڵین به‌وه‌ى كه ده‌بینم له كۆلیژی پۆلیس بابه‌ته‌كانی یاسا، مافی مرۆڤ، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان، لێكۆلینه‌وه‌ی تاوان و پزیشكیی دادی ده‌خوێنن. ئه‌مانه هه‌موویان پێویست و گرنگن بۆ پێشخستنی كاری پۆلیس له هه‌رێمی كوردستاندا. ڕۆڵی پۆلیس له ماوه‌ی ڕابردوودا باش هه‌ڵده‌سه‌نگێنین له پاراستنی ئافره‌تان له پێشێلكاریكردن به‌رامبه‌ریان، به‌ڵام چاومان له چالاكبوونی زیاتری پۆلیسه له‌و بواره‌دا".
نێچیرڤان بارزانى به بیریشى هێنایه‌وه كه سه‌قامگیرى و ئارامیى هه‌رێمى كوردستان؛ به‌رى ڕه‌نج و شه‌ونخوونیى هێزه‌كانى ناوخۆیه و گوتى: "به‌شێكی زۆری پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان به هۆی كار و ماندووبوونی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستانه. سه‌قامگیری و ئارامی؛ مه‌رجی یه‌كه‌می چوونی وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیا بیانییه‌كانه بۆ هه‌ر ووڵاتێك. ئێستا كه ئه‌م هه‌موو كۆمپانیا بیانییه دێنه كوردستان، هه‌روه‌ها كه ژماره‌ی گه‌شتیاران له كوردستان ڕۆژ به ڕۆژ له زیادبووندایه، به‌هۆی كاركردن و شه‌ونخوونیى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه".
له كۆتاییشدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه: "ئه‌ركی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه قه‌دری ئه‌و سه‌قامگیرییه بزانن كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، پاراستنی ئارامیی سیاسیش مه‌رجێكی گرنگه بۆ پاراستنی ڕێڕه‌وی پێشكه‌وتنی ووڵاته‌كه‌مان و خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵك و به ته‌ندروست به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا".
هه‌روه‌ها دڵنیایى دا له‌وه‌ى كه: "پرۆسه‌ی سیاسی له ده‌ستێكی ئه‌میندایه له‌م وڵاته‌دا، حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان په‌یوه‌ستن به یاسا و پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌وه، هه‌روه‌ها پابه‌ندیشن به‌وه‌ی پرس و ڕاوێژی دروست هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دواڕۆژی كوردستان به شێوه‌یه‌كی زانایانه به‌ره‌و ئه‌وه بێت كه ئه‌و خۆشگوزه‌رانیه‌ی ئێستای خه‌ڵك زیانی پێ نه‌گات و به‌ره‌و ئاستێكی به‌رزتر بچێت و بتوانین هه‌موو مافه ده‌ستوورییه‌كانمان له عێراقدا بكرێنه كرده‌وه و نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌ز بمێننه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه و هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌ی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێ پرس و ڕاوێژ له نێوان خۆماندا درێژه‌ى پێ بده‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان".





