٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

KDP.info لەرێگای سەركردەیەكی بزوتنەوەوە ناكۆكی هێزە ئیسلامییەكان ئاشكرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر/ KDP.info  /تائێستا هیچ یەكێك لە هێزە ئیسلامییەكان سازشی بۆ لایەنێكی دیكە نەكردووە، لەسەر دروست بوونی بەرەیەكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان، ئەندامێكی باڵای بزوتنەوەش هۆكارەكان دەخاتەروو. 

بریار وایە رۆژی 22ی ئەیلولی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بەرێوە بچێت پێش دیاری كردنی وادەی هەڵبژاردنەكان بیرۆكەیەك لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامییەوە هەبوو بۆ ئەوەی هەرسێ‌ هێزی ئیسلامی پێكەوە دابەزن لەسەرەتا كۆمەڵ رایگەیاند جیاوازی بۆچوون لە نێوان هەرسێ‌ هێزە ئیسلامییەكە نییە و كۆدەنگی هەیە، بەڵام لە رێكخستنەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی نیگەرانی دروست بوو داوایان كرد بە مەرج بەشداری لەو لیستە بكرێت، لەو داوایانەش: یەكەم قۆرغكاری لە چۆنیەتی لیستەكە نەبێت، دووەم دەبێت كۆمەڵ خۆی ساغ بكاتەوە كە راگەیاندن لە دژی بزوتنەوە راوەستێنێت، سێهەم راگرتنی راكێشانی ئەندامانی بزوتنەوە لە لایەن كۆمەڵەوە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئەم مەرجانە لە لایەن بزوتنەوەوە گفتوگۆكان شكستیان هێنا هەرچی یەكگرتووی ئیسلامییشەوە لە رێگای  كۆمەڵێك ئەندامی مەكتەبی سیاسییەوە بە بیرۆكەیەكی بەرتەسكیان زانی لەبەر ئەوەی بە راگەیاندنی پاشگیری "ئیسلامی" نەتەوەكان و ئایینەكانی دیكە ئاستەمە دەنگ بەو لیستە بدەن، واتە بیرۆكەكە لە مەیدانی كۆمەڵی ئیسلامی ماوەتەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی جیاوازی كۆمەڵ و بزوتنەوە لە سەر مەسەلەی دەنگدانە بە "بەهەشت" بە جۆرێك لە ساڵی 2005 كۆمەڵ بەهۆی ئەو پەیامەوە توانی چەند كورسەك لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەستبهێنێت و دواتر كۆمەڵ بزوتنەوەی بەوە تۆمەتبار كرد كە لە ساڵی 2009 بانگەشەی چوونە بەهەشتیان بە خەڵك داوە و توانیان لە هیچ كورسی پەرلەمانەوە ببنە خاوەنی 2 كورسی و وەزارەتێك.

 د. ئەحمەد وەرتی سەركردەی بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی جیاوازیی و ناكۆك بوون لە سەر ئەو لیستە بۆKDP.info گوتی: هەندێك بابەتی هەستیار و نەفسیی  تاکو ئیستە ماوە و كاریگەری خۆی هەیە لەسەر مەسەلەی ئەو یەك لیستییە لە نێوان هێزە ئیسلامییەكان بە تایبەتی لە نێوان كۆمەڵ و بزوتنەوەدا. بۆیە بە گشتی ئیسلامییەكان ئەو ئامادەباشییەیان نییە بۆ  ئەوەی ئەو لیستە هاوبەشە دروست بكەین و ئەو زەمینە سازییەیان بۆ نەرەخساندووە.

ئەو سەركردەیە ئەوەی خستەروو كە مەرج نییە ناوی ئەو لیستە بنرێت لیستی ئیسلامی، دەكرێت خەڵكی بێلایەن و كەسی دیكە بێنە ناو لیستەوە، چونكە ناكرێت كۆمەڵگا دابەش بكرێت بۆ دووبەرەی ئیسلامی و نائیسلامی، لە كاتێكدا لایەنە ئیسلامییەكان ئەزموونی رابردوویان هەیە بە تایبەتی دابەزینیان لە گەڵ هێزە علمانییەكان، بۆیە دەكرێت تەكنیكی ئەو بیرۆكەیە گۆڕانكاری بەسەردابهێنرێت گوتیشی: " ئێستە دوای ئەو روونكردنەوەم دەمەوێت بڵێم كە دروستكردنی ئەو لیستە مۆفەق نابێت".

بەشێك لە چاودێران پێیان وایە ناكۆكی نێوان كۆمەڵ و بزوتنەوە درێژەی دەبێت تا ئەو كاتەی رێكکەوتنێك لە نێوانیان ئەنجام دەدەن، لە كاتێكدا بزوتنەوە دەبێت ئەوە ساغ بكاتەوە كە جیابوونەوەی كۆمەڵ و عەلی باپیر واقیعێكە بەسەر حزبەكەیدا هاتووە.  د.ئەحمەد وەرتی زیاتر قسەدەكات و دەڵێت:  " دەبێت ئەو ناكۆكییە سیاسییە كە پێشووتر هەبووە، نەمێنێت. بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی جیابوونەوەی كۆمەڵ و بزوتنەوە لە كاتێكدا زۆر حزب لە یەكتری جیابوونەوەتەوە و دواتر بوونەتەوە هاوپەیمان، بەڵام كێشەی سەرەكی لە نێوان ئەم دوو هێزە لەوە دەچێت دەروونی بێت، لە نێوان بنەماڵەی مەلا عەلی و كوڕەكانی مەلا عەلی لە گەڵ عەلی باپیر كە زۆر جار لێدوان لە نێوانیان گرژی دروستكردووە، كە لەوە دەچێت بۆچوونی مەكتەبی سیاسی هەردوولای لە گەڵ نەبێت".

خاڵێكی دیكەی ناكۆكی نێوان هێزە ئیسلامییەكان لە نێوان یەكگرتوو و بزوتنەوە و كۆمەڵە، ئەویش لە سەر مەسەلەی چۆنیەتی رێكکەوتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەبێ‌ دەستەواژەی دین و چوونە "بەهەشت". عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بۆKDP.info گوتی: " ئێمە لە گەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لەیەك نزیك بوونەوە و كاركردنی هاوبەشمان هەیە، لە ئەنجامیشدا  لە گەڵ یەكگرتوو گەیشتینە رێکكەوتنێك سەبارەت بە لیستی ئیسلامی واتە هەرسێ‌ لایەنی ئیسلامی، ئێمە ئەم ئەگەرە لە كاتی خۆیدا تاوتوێ‌ دەکەین و ئەگەر پێمان باش بوو بەیەكەوە لیستێك دروست دەكەین. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لاریمان نییە لە گەڵ برادەرانی بزوتنەوە، بەڵام هەر هێزێك بە قەد قەبارەی خۆی بەشداری لەم لیستە ئیسلامییە پێبکرێت،  گوتیشی: "مەسەلەی چوونە بەهەشت لە بانگەشەدا شتێك نییە كە لایەنێك موزایەدە بە سەر كۆمەڵەوە بكات و دەكرێت ئەوان لە كاتی خۆیدا قسەبكەن و هەركەسە و بەپێی پێگەی خۆی قسە بكات. گوتیشی: " لە راستیدا بۆچوونی جیاواز هەیە لە نێوان كۆمەڵ و بزوتنەوە لە سەر ئەم لیستە ئیسلامییە، بەڵام ئاراستە گشتییەكەی كوردستان پێیان خۆشە بۆ دروستكردنی ئەو لیستە، ئێمە وەك كۆمەڵ هەرچی بانگەشە و دروشمی ئیسلامی هەیە بەكاری دەهێنین و شەرمنانە باسی ئیسلامی خۆمان ناكەین و پەیام و بەرنامەكەمان روونە بە تایبەتی دروشمی ئیسلامی بێت و رێگە پێدراو بێت بەكاری دەهێنین".

 

راپۆرتی : كارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار