باربارا لیف: ئۆمێد دەكەین كە بەرپرسانی سیاسی هانبدرێن رێگای دروست بگرنە بەر

رۆژی شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت پێشوازی كرد لە بەڕێزان باربارا لیف جێگری یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و پۆل سوتفین كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێم و ستیفن جی بەرپرسی بەشی ئابووری و سیاسی كونسولگەری.
لە دیدارێك باس لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و سەركەوتوویی سەردانی ئەم دواییەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا و رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا.
بەڕێز باربارا گوتی لێرەم بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەم، سەبارەت دەرئەنجامی سەردانەكەی جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ عێراق، هەروا هەڵبژاردنی لە پارێزگاكانی عێراق بەڕۆژێكی گرینگ وەسف كرد.
سەبارەت بە پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گووتی ئۆمێد دەكەین كە بەرپرسانی سیاسی هانبدرێن ڕێگای دروست بگرنە بەرو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و هەموولایەك پابەندبن بە دەستووری وڵات. گوتی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق دەبێت بەردەوام بێت و پێكهاتەكان بە شیوەیەكی ئاشتیانە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
بەڕێزیان سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كرد، لە هاوكاری و هەماهەنگی كردن لە گەڵ كونسوڵگەری گشتی وڵاتەكەیان لە هەرێم و هەوڵی بەردەوامیان بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
فەلاح مستەفا پوختەیەكی لە سەر هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عێراق خستەڕوو، هەروا گوتی ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكی نوێ دینێتە كایەوە بۆ گفتوگۆ لە نێوان پێكهاتەكان لە عێراق.
سەبارەت بە وەزیرانی كورد لە حكومەتی فیدڕاڵ فەلاح مستەفا دووپاتی كردەوە كە وەزیرەكان لێرەن بۆ راویژكردن لە گەڵ سەركردایەتی سیاسی هەرێم و خستنەڕووی بۆچوونەكانیان لەمەڕ پرسەكان.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت ئاماژەی بە سەردانی ئەم دواییەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكاو كۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی سیاسی و ناوەندە هزری و كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە كرد، هاوكات سوپاسی كردن بۆ سەرخستنی بەرنامەی سەردانەكەیان.
هەردوولا باسیان لە رەوشی ئاڵۆزی سوریا و ئەو ئازار و مەگەساتە كرد كە گەلانی سوریا دووچاری هاتوون، هیویان خواست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رۆلی زیاتر ببینێ بۆ كۆتایی هێنان بەم قەیرانە ئاڵۆزە. هاوكات تیشك خرایە سەر رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم كە رۆژ بەرۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە.




