بەهەزاران دەنگدەری كورد كە مافی دەنگدانیان هەیە ناوی لە تۆماری دەنگدەران نەهاتۆتەوە

تایبەت بە KDP.info/ هەرچەندە ماوەیەكی كەم ماوە بۆ ئەوەی دەرگای بنكەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە ڕووی دەنگدەران دابخرێت, بەڵام بەهەزاران هاووڵاتی و دەنگدەری كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ناویان لە تۆماری دەنگدەران نییەو تاوەكو ئامادەكردنی ئەو هەواڵە نەیانتوانیوە دەنگ بدەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەست kdp.infoكەوتوون تەنها لە شاری خانەقین كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن زیاتر لە 22 هەزار دەنگدەری كورد كاتێك سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووە ناویان لە هیچ كام لەتۆمارەكانی دەنگدەران نەبووە بەمەش تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە دەنگ بدەن ئەمە لە كاتێكدا كە كەمتر لە كاتژمێرێك ماوە بۆ كۆتا هاتنی ماوەی دەنگدان هەورەها بەپێی زانیاریەكان لە شارۆچكەی خورماتوش زیاتر لە دوو هەزار دەنگدەری كورد ناویان لە تۆماری دەنگدەران نەهاتۆتەوەو ئێستا چاوەڕوانی هەوڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانن بۆ ئەوەی چارەسەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە هندرێن محمد بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ kdp.infoگوتی : لەمیانەی بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لەشاری هەولێر ژمارەیەك لە دەنگدەران گلەیی لە نەبوونی ناوەكانیان لە لیستی تۆماری دەنگدەران هەبووە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوو ئەو هاووڵاتیانە سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆنیان نەكردووە بۆ ئەوەی لە راستی و دروستی و هەبوون و نەبوونی ناوەكانیان بكۆڵنەوە بۆیە ئەمەش بۆتە هۆی ئەمڕۆ ژمارەیەك كەس مافی دەنگدانیان بفەوتێت كە دەبوایە لە رۆژانی رابردوو بەدەم ئاگاداری و داواكارییەكانی كۆمسیۆن لەمبارەیەوە بهاتبان ئەوكات دەتوانرا چارەسەری پێویست بكرێت.




