لە هەولێر ژمارەیەكی كەمی دەنگدەران سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / ئەمڕۆ لە 12 پارێزگای عێراق پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگان بەڕێوەچوو تاوەكو ئێوارەی ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت لەشاری هەولێریش زیاتر لە 2500 كەس كە لەناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە ئاوارە بوونە مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ ئەو مەبەستە 7 بنكەی دەنگدان تەرخان كراوە.
هندرێن محمد بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە شاری هەولێر حەوت بنكە كە سێزدە وێستگەی دەنگدانی تێدایە بۆ ئەو كەسانە كراوەتەوە لە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە راگوێزراون یاخود ئاوارەی شاری هەولێر بوونە كە ژمارەی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە 2500 كەسە و زۆرینەی ئەو كەسانە لە دەوروبەری شاری هەولێر نیشتەجێن .
ناوبراو سەبارەت بە ئاستی رێژەی دەنگدان لەو بنكانەی كە لەشاری هەولێر تەرخان كراون گوتی: بەداخەوە تاوەكو ئێستا رێژەی هاتنی دەنگدەران بۆ بنكەكانی دەنگدان زۆر كەمەو چاوەڕوانین لە كاتژمێرەكانی داهاتوو رێژەیەكی زیاتر هاووڵاتیان بێن بۆ دەنگدان و بنكەكان تاوەكو كاتژمێر 5 ی ئێوارە بە ڕووی دەنگدەران كراوەتەوەو دوای ئەوەی مافی دەنگدان نامێنێت.




