ئەمینە ئاینا: ئەمە قۆناغی ئاشتی نییە

ئەنقەرە- - KDP.infoئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بەدەپە ئەمینە ئاینا لە سەمینارێك لە زانكۆی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە شاری ئەنقەرە وتەیەكی پێشكەش كرد و باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزاسیونی توركیا كرد.
بە پێ هەواڵێكی ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی، ئەمینە ئاینا لە وتەكانی خۆیدا گوتوویەتی: ئەم قۆناغە كە ئێستا لە توركیا دەستی پێكردووە قۆناغی ئاشتی نییە بەڵكۆ قۆناغی زەمینە خۆش كردن بۆ ئاشتییە.
ئاینا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە وڵاتێكدا ئەگەر ئاشتی هەبێت ئەوا رێز لە ناسنامە جیاجیاكان دەگیردرێت و هەر هەمووی پێكهاتەكای ئەو وڵاتە لە ماف و ئیمتیازاتەكاندا یەكسان دەبن، بەڵام ئێمە ناتوانین بۆ ئەمرۆ توركیا بڵێن كە بارودۆخێكی بەمجۆرە لە ئارادایە. چونكە هێشتاكە لە توركیا رێز لە ناسنامە جیاجیاكان ناگیردرێت و پێكهاتە غەیرە توركەكانی توركیا لە رووی یاساییەوە لە گەڵ توركەكاندا یەكسان نین هەر بۆیە ناتوانین بڵێن كە لە توركیا ئاشتی هەیە.
ناوبراو گوتیشی: ئەگەر رۆژێك هات ئێمەی كورد بووینە خاوەن مافی خۆمان و لە رووی یاساییەوە لە گەڵ توركەكاندا یەكسان بووین ئەوا ئەو رۆژە دەتوانین بڵێن لە توركیادا ئاشتی و ئاشتەوایی هەیە.
ئەمیە ئاینا لە كۆتایی وتەكانیدا گوتی: ئەم قۆناغەی كە ئێستا لە توركیا دەستی پێكردووە قۆناغی ئاشتی نییە بەڵكو قۆناغی هەوڵدان بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ ئاشتەوایی لە توركیایە.




