ئیدانەی لە سێدارەدانەكانی عێراق دەكرێت

نەتەوەیەكگرتووەكان- KDP-info/عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی سزای لە سێدارەدانی تیا ئەنجام دەدرێت و لەم رووەوە وەبەر رەخنەی زۆر كەوتووە و لایەنە نێودەوڵەتییەكان داوای هەمیشەیی راگرتنی سزای لە سێدارەدانی لێ دەكەن.
نافی بیلای بەرپرسی موفەوەزییەی باڵای مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەنگرتووەكان ئیدانەی لە سێدارەدانی 21 كەس دەكات لە هەفتەیەكدا كە بەمەش ژمارەی لە سێدارە دراوان گەیشتە 33 كەس لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا.
لە راگەیەندراوێكدا كە دوێنێ هەینی بڵاوی كردەوە بیلای مەترسی و بیئومێدی خۆی دەرخست سەبارەت بەو زانیارییانەی دەڵێن وەزارەتی دادی عێراق بە نیازە 150 كەس لەرۆژانی داهاتوو لە سێدارە بدات .لەم رووەوە بە تووندی رەخنەی لە سیستەمی دادپەروەری عێراقی گرت وگووتی سیستەمی دادوەری لە عێراقدا بەشێوەیەكی درووست كار ناكات و زۆر لە حوكمەكانی لەسەر بنەمای وەرگرتنی دانپیانانە بە ئەشكەنجەدان.دادگاكانی عێراق دوورن لە سیستەمی ستانداردی نێو دەوڵەتی و لەو سەردەمەشدا سزای لە سێدارەدان نابێ بمێنێ..
هەروەها داوای لە عێراق كرد سزای لە سێدارەدان رابگرێ و چاوخشاندنەوەیەك بۆ كەیسی مەحكومەكان بكاتەوە لە لایەن لێژنەیەكی دادی سەربەخۆ و تایبەتەوە و حوكم و جۆری تاوانەكانیشییان بخرێنەروو و ئاشكرا بكرێن..
هەر لەو راگەیەدراوەیدا بە بایەخەوە ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لەسەر ئەوەی سزای لە سێدارەدانی هەڵپەساردووە، داوای كرد عێراقیش گوێ لەو هەموو داوایەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرێ و دەسبەرداری سزای لە سێدارەدان بێت.
شایانی باسە 121 كەس لەساڵ 2012 لە عێراق لە سێدارەدراون و 1400 حوكمدراویش بە سێدارە لە عێراق هەن.




