٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سەبارەت بە روفاتەكانی توبزاوا

سەرچاوە: KDP.info

لەماوەی چەند رۆژانی رابردوو هەندێك دەزگاكانی راگەیاندن باس لەو روفاتانە دەكەن كە لە نەخۆشخانەی رزگاری پارێزاون دوا ئەوەی لە 3 گۆری بەكۆمەڵی سەربازگەی توبزاوا دۆزرانەوە و رێو شوێنی تایبەتیان بۆ كراوە..

ئەو روفاتانە لە ئیستادا لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك پارێزراون، بەپێی بەڵگەكانی بەردەست قوربانیەكان شەهیدی راپەرینن خەڵكی سنوری پارێزگای كەركوكن و لەسەر دەستی رژێمی لەناوچوو بەشێوەیەكی دڕندانە بە دیلی كوژراون كە ژمارەكەیان 80 حاڵەتە، بۆیە واباشترە لە كەركوك بنێژرێن، گونجاوتری شوێنیش بۆ ئەم مەبەستە بەپێی رای وەزارەتمان و بە راوێژ لەگەڵ بەرێز پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی مافی مرۆڤ بەباش زاندرا كە لە كۆنە سەربازگای توبزاوا كە شوێنی دۆزینەوەی روفاتەكانە بنێژرین.  ئەو سەربازگەیە بنكەیەكی سەرەكی ئەنجام دانی پرۆسەی ئەنفالە و ساڵی  1988 خەڵكی بێ تاوانی ئەنفالی تیدا شەهید كراوە و كراوەتە سەنتەری گواستنەوەی ئەنفالكراوان و لەوێەوە راپێچی مەرگ كراون. هەر لەوێش ژمارەیەكی زۆری ئەنفالكراوان بەهوێ نەخۆشكەوتن و برسیەتی و ئازار و ئەشكەنجەوە شەهید بوون ، بۆیە پێمان وایە  كە ئەو شوێنە لە رووی مێژووی ئەنفال و بەلگەی جینوسایدەوە گرنگە و پێویست دەكات ئەم شوێنە بكرێتە گۆرستان و مۆنۆمینت و مەراسیمەكانی یاد كردنەوەی تیدا ئەنجام بدرێ، بەلام بۆ ئەنجام دانی ئەمەش پێویست بوو بڕیار بۆ تەرخان كردنی زەوی سەربازگەی توبزاوا ( كە پرۆسەیەكی ئاڵوزی سیاسییە) هەروەك خاوەنداریەتی ملكەكەشی كە پاشماوەیەكی ئاڵوزی سیاسی شۆفینستانەی بەعس ئاڵوزیەكی تری بەردەم بەدی هێنانی ئامانجەكانە ، لەلایەكی ترەوە شوێنەكە دەكەوێتە بازنەیەكی ئەمنی مەترسیدارەوە .

بۆ بەدەست هێنانی ئەم شوێنە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەرێز پاریزگاری كەركوكر و وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی و دام و دەزگاكانی تر كاری جیدیان لەسەر ئەم پرسە كردوە و هەوڵێكی زۆریان دا بۆ دابین كردنی ئەو زەویە و پەیوەندی چرییان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و ئەو خەڵكانەی كە خۆیان بە خاوەندی زەویەكە دەزانی گفتوگۆ كراوە، هەروەك پێشبینیمان دەكرد ئەم پرسە بە ئاڵوزیەكی زۆر  تێپەری و لەئەنجامی هەوڵەكانی وەزارەتی شەهیدان و پارێزگاری كەركوك دوای ئەوەی بەفەرمانیكی ئەنجومەنی وەزیران مڵكداریەتی ئەم زەویە لە وەزارەتی بەرگری عیراقی گوزراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی عیراقی ئەویش وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراقی راسپاردوە بۆ كاركردن لەسەر تەرخان كردنی بەشیك  لەو زەویە بۆ گۆرستانی ئەنفال و ناشتنی ئەم روفاتانە، ئیستا هەماهەنگی لە نیوان وەزارەتمان و پارێزگای كەركوك و وەزارەتی مافی مرۆڤ لە ئارادایە بۆ بەم مەبەستە.

هەروەك ساڵی پار ،بۆ زیندوڕاگرتنی بایەخی ئەنفال لەو شوێنەدا وەزارەتمان و پارێزگاری كەركوك و دام و دەزگاكانی ئاسایش و بەرگری سەرەڕای مەترسیداری ناوچەكە بە ئامادە بوونی بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم یادی ئەنفالمان كردەوە. سەرباری ئەوەی بەر لە دەست پێكردنی یادەكەش چوار تەقینەوە لە كەركوك روویدا و چاوەڕوانی هێرشی تیرۆریستی تریشی لێ دەكرا، لەكەڵ ئەو مەتریسانەشەوە یادەكە بە خۆلێبڕانەوە یادەكە  كرایەوە.

دەكرێ ئەم روفاتانە لە شوێنێكی تریشدا بنێژرێن، كە رێگە ئاسانەكەیە، بەلام بایەخ و ماناكەی لە رووی سیاسی و مێژوویی ئەنفال و جینوسیاید لەدەست دەدات ، لەم قۆناغەدا ، ئێمە رێگا قورس و مەترسیدارەكەمان هەڵبژاردوە پێشمان وایە كە هەوڵ و ماندوبونێكی زۆریشی دەوێ بەڵام ئامانجەكە باشتر دەپێكێ و بۆ داهاتووی پرۆسەی زیندوراگرتنی شوێنەوارەكانی ئەنفال و تاوانەكە باشترە.

لە ئیستادا وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ پارێزگاری كەركوك لە گفتوگۆدان بۆ دانانی پلانێكی گونجاو بۆ لادانی بەربەست و ئاستەنگەكان تاكو روفاتی پیرۆزی ئەم شەهیدانە لەو شوێنەدا بنێژرێن ئەوەش بە هەماهەنگی وەزارەتی مافی مرۆڤ و رەچاوكردنی بارودۆخی ئەمنی و پاراستنی تیمەكان و خەمەكانی دوای ناشتنیش لەو شوێنەدا.

ئیمە داواكارین لە خەمخوران و دڵسۆزان ئەوانەی كە پرسیاری ئەم پرۆسەیە دەكەن، جگە لە لایەنی سوز، رەهەندەكانی هێشتنەوەی شوێنەوارەكانی ئەنفال و مێژووی جینوسایدی كورد و ئاڵوزیەكانی تری ئەو ناوچەیە لەبەر چاوبگرن و هاوكار بن لەو پرۆسەیەدا كە رەهەندیتریشی هەیە. بۆ زانیاری تریش دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بكەن.

سوپاسی هاوكاری و تێگەیشتن و پشتیوانی هەموولایەك دەكەین.

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

هەواڵی پەیوەندیدار