بەكر بۆزداغ: پارتە بەرهەڵەستكارەكان خیانەت لە گەلی توركیا دەكەن

تورکیا - KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەكر بۆزداغ رۆژی پێنج شەممە لە هۆڵی پەرلەمانی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی پارتە بەرهەڵەستكارەكانی توركیا كرد و هەر دوو پارتی جەهەپە و مەهەپەی بەرهەڵەستكاری بە خیانەتكردن لە گەڵ توركیا تاوانبار كرد.
لەم بارەیەوە كاناڵی 24ی توركی رایگەیاند كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەكر بۆزداغ سەبارەت بە هەڵوێستی هەر دوو پارتی بەرهەڵەستكاری توركیا لە بەرامبەر قۆناغی چارەسەریدا، هەڵوێستێكی ناشایستە و نەتەنیا خزمەتی توركیا و گەلی توركیا ناكات، بەڵكو دەبێتە هۆكاری خیانەتێكی یەكجار گەورە بە توركیا و گەلی توركیا.
بۆزداغ جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئارمانج لە دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزەكردنی توركیا پێشگرتن لە رژاندنی خوێنی هاووڵاتیانی توركیا و بە هەدەردانی سامانی گشتی وڵات بۆ شەڕ و یەكتر كۆشتنە و ئەمە خزمەتێكی یەكجار گەورەیە بە توركیا و گەلی توركیا هەر بۆیە ئەو كەس و لایەنانەی كە دژایەتی ئەم قۆناغە بكەن لە راستیدا دژایەتی بەرەژوەندی توركیا و گەلی توركیا دەكەن و ئەمەش بە مانای خیانەتكردن لە توركیایە.




