عوسمان بایدەمیر دووبارە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانییە یەكگرتووەكانی جیهان هەڵبژێردرایەوە

دیاربەکر - KDP.info/ سەرۆكی شارەداری گەورەی دیاربەكر عوسمان بایدەمیر لە كۆنفرانسی شارە یەكگرتووەكانی جیهان و بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكاندا بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆكی كۆمیتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شارە یەكگرتووەكانی جیهان هەڵبژێردرایەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكرخەبەر رایگەیاندووە كە هەفتەی رابردوو سەرۆك شارەداری گەورەی دیاربەكر عوسمان بایدەمیر دوای كۆتایی هاتنی قەدەغەی سەفەركردنی بۆ دەرەوەی توركیا، بۆ ماوەی 3 ساڵ و 4 مانگ، یەكەمین سەردانی خۆی بۆ پایتەختی ئێران بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی شارە یەكگرتووەكان و بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكانی جیهان ئەنجام دا.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە هەفتەی رابردوو لە تاران بەرێوەچوو، بە كۆی دەنگ جارێكی دیكە عوسمان بایدەمیر وەكو سەرۆكی كۆمیتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شارە یەكگرتووەكانی جیهان و بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكان هەڵبژێردرایەوە.




