جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی رێكخراوی كوردۆساید كرد

ئەمرۆ پێنچ شەممە 18/4/2013، دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، پێشوازیی كرد لەشاندێكی رێكخراوی كوردۆ ساید –چاك.
لەدیدارێكدا كار و چالاكیەكانی رێكخراوەكە و ژمارەیەك داواكاری كەسوكاری شەهیدانی ئەنفال خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێرای بەخێرهێنان ئەوەی خستە روو پەرلەمانی كوردستان نوێنەری خەڵكی كوردستانە و هەمیشە پشتیوانی لەهەوڵەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەت ئەو پرسە گرنگانەی بەهاووڵاتیانی كوردستان و داواكاریەكانیان پەیوەستن دەكات.
هاوكات پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هەوڵانەش خستە روو كە لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دەرهەق بە گەلی كوردستان لەئاستی پەرلەمانی وڵاتانی دیموكراتی دەدرێ دووپاتكردەوەو داوی كرد كە دەبێ ئەو هەوڵانە یەك بخرێن و كاری زیاتر بكرێ، چونكە تا ئێستا لەكۆی چل و سێ كێیسی جینۆساید و لەناوبردنی گەلی كورد تەنها چوار كێیس گفتوگۆی لەسەر كراوەو پێویستە لەهەموو رووێكەوە هەماهەنگیەكی باش هەبێ و لەوبارەوە ئاماژەی بە هەوڵەكانی ئێستای پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ دەركردنی یاسایەك بۆ دامەزراندنی دەزگایەكی تایبەت بە جینۆساید بۆ ئەوەی هەموو كێیسەكان دۆكیۆمینت بكرێ و بەڵگەی پێویستی بۆ كۆبكرێتەوەو هەموو رێكخراوەكانی تایبەت بەم بوارە كاری بۆ بكەن و لەگەڵ نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان و لایەنە نێودەوڵەتیە پەیوەندارەكانیش هەموو هەوڵێك بخرێتە گەر بۆ ئەوەی ئەو پرسە لەئاستی جیهان بناسرێ و قەرەبووی مادی و مەعنەوی زەرەمەندان بكرێتەوەو جارێكی تر مرۆڤایەتی ئەو جۆرە تاوانانە نەبینێتەوە.




