موئەیەد تەیب: گەڕانەوەو نەگەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا لەسەر ئەنجامی گفتوگۆكان وەستاوە

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوو دوو شاندی هەرێمی كوردستان كە یەكێكیان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ئەمنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و یەكێكیشیان بۆ هەمواركردنەوەی بودجەی گشتی عێراق تەرخان كراوە سەردانی شاری بەغدا بكەن، بۆ گفتوگۆكردن لە گەڵ بەرپرسانی بەغدا، وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستانیش دەڵێت: گەڕانەوەو نەگەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا لەسەر ئەنجامی گفتوگۆی هەردوو شاندەكە لە گەڵ بەرپرسانی بەغدا وەستاوە.
موئەیەد تەیب وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.infoگوتی: لە دواین كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گەڵ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بڕیاردرا بە پێكهێنانی دوو لیژنە و شاندی تەكنیكی بۆ گفتوگۆكردن لە گەڵ بەرپرسانی بەغدا درا كە یەكێكیان بۆ پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و دۆخی ئەمنی ناوچەكەو هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلە یە و شاندی دووەم بۆ گفتوگۆكردنە لە گەڵ بەپرسانی بەغدا بۆ هەمواركردنەوەی بودجەی گشتی عێراق، لە رۆژانی ئایندە هەردوو شاندەكە سەردانی بەغدا دەكەن رەوشەكە لەسەر گفتوگۆ و ئامادەیی هاوپەیمانی نیشتمانی و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد وەستاوە.
ناوبراو سەبارەت بە گەڕانەوەو نەگەڕانەوەی وەزیر و ئەندامە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەو بابەتە لەسەر ئەنجامی ئەو گفتوگۆ و دانیشتنانەی نێوان شاندەكانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی هاوپەیمانی نیشتمانی و نوری مالیكی وەستاوە ئەگەر وەڵامیان ئەرێنی بێت ئەوا دانووسان دەستپێدەكات و بڕیاریش لەبارەی گەڕانەوەو نەگەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا دەدرێت.
ناوبراو گوتیشی: ئەگەر هاتوو هەردوو پرسی رەوشی ئەمنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و هەمواركردنەوەی بودجە چارەسەركرا ئەوا دەرگا بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی تری نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێتەوە، چونكە گەلێك بابەتی تر هەیە كە پێویستە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كاری بۆ بكات .




