سوپای پاسداران: هەڕەشەكانی خامنەیی بە هەند وەربگرن

تاران- KDP.info/ فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمرۆ داوای لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی زلهێزەكانی جیهان كرد كە گرنگی بە هەڕەشەكانی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی بدەن.
بە پێ هەواڵێكی ئاژانسی فارسی ئێرانی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران محەمە عەلی جەعفەری لە وتەیەكدا داوای لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی زلهێز كردووە كە هەڕەشەكانی ئایەتوڵلا خامنەیی بە هەند وەربگرن چوونكە ئەو هەڕەشانە بێ واتا نین و نیشانەی هێزی بەرگری كردنی ئێران لە خۆیەتی.
فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە خۆیەوە هەڕەشە لە كەس ناكات و تا متمانەی بە خۆی و هێزی سوپا و هێزی بەرگری كردنی ئێران نەبێت ئامادە نییە كە هەڕەشەیەكی بەمجۆرە لە كەس یا هیچ لایەنێك بكات هەر بۆیە پێویستە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتە زلهێزەكان ئەو هەڕەشانە بە جدی بگرن و نەكەونە نێو پلانی دژ بە ئێرانەوە.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە ئایەتوڵڵا خامنەیی لە كۆبوونەوەیەكی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی سوپادا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەگەر وڵاتێك هێرش بكاتە سەر ئێران ئەوا ئێران ئامادەیە ئەو وڵاتە لە ناو ببات.




