وەزیری گەشتوگوزاری میسر : هیوادارم پەیوەندییەكانی نێوان ئێمەو هەرێمی كوردستان پتەوتر بێت
هەولێر – تایبەت بە KDP.info /چەند رۆژێكە شاندێكی وڵاتی میسر بەسەرۆكایەتی وەزیری گەشتوگوزاری ئەو وڵاتە بەسەردانێك لە شاری هەولێرن، لەمیانەی سەردانەكەیاندا چەند ناوچەیەكی گەشتوگوزاری و شوێنەواری ئەو شارەیان بەسەر كردۆتەوە هەروەها سەردانی بەرپرسانی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لەمیانەی سەردانێكی شاندەكە بۆ قەڵای هەولێر لەلایەن نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر پێشوازیان لێكراو بەهاوبەشی چەند شوێنێكی قەڵایان بەسەر كردەوە.
سەبارەت بە سەردانی ئەو شاندە باڵایەی وڵاتی میسر و لێكەوتەكانی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ kdp.infoگوتی: بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ پێشوازی لە وەزیری گەشتوگوزاری وڵاتی میسر هشام زعزوع دەكەین ئێمە وەك پارێزگای هەولێر و حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵین بە پتەوتربوونی پەیوەندییەكانمان لە گەڵ وڵاتی میسر لەبواری گەشتوگوزار و شوێنەواریدا، وەك ئاشكرایە كە میسر یەكێكە لە دەوڵەمەنترین وڵاتانی جیهان لەبواری شوێنەوار هیوادارین كە هەردوو لا سوود لەیەكتری وەربگرین لەمبارەیەوە هەروەها بەوهیوایەین كە پەیوەندییە گشتییەكانمان لە گەڵ وڵاتی میسر بەرەو پێشوەتر بچێت لەكاتێكدا كە ژمارەیەك زۆر لە قوتابیانی كورد ئێستا لە زانكۆكانی وڵاتی میسر دەخوێنن جگە لە ئەوەش گەلی كورد هەر لە ساڵانی رابردووەوە ئاشنایە بە فەرهەنگ و كلتوری مسری و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی مسری و گەلی كورد بۆ ساڵانی پێشوو دەگەڕێتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە هشام زعزوع وەزیری گەشتوگوزاری میسر لەلێدوانێكیدا لەسەر قەڵای هەولێر بۆkdp.info گوتی: خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ بەسەردانێك لە شاری هەولێرین لە گەڵ ئەوەشدا سەردانی قەڵای هەولێرمان كردووە كە یەكێكە لە دێرینترین شوێنەوارەكان و مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو ئامانج لەسەردانەكەمان بۆ هەرێمی كوردستان پتەوتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئێمەو حكوومەتی هەرێمی كوردستانەو هەرچەندە لەرابردووشدا هەردوولامان ئاشنای یەكترین و پەیوەندی بەردەواممان هەبووەو خۆشحاڵیشین كە شاری هەولێر هەڵبژێردراوە بۆ پایەتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی 2014 هەروەها ئێمە حەزدەكەین هەردوولامان سوود لەیەكتر وەربگرین لەبواری گەشتوگوزار و شوێنەوار لەمڕوەوە ئێمە پسپۆڕی پێشكەوتووی بواری شوێنەوارمان لە وڵاتی میسر هەیەو ئامادەی هەموو هاوكاریەكین لەپرۆژ شوێنەوارییەكانی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی هاووڵاتیان و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارێزگاری هەولێر دەكەین و هیوادارین پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا لە ئایندەشدا بەردەوامی هەبێت.




