لەهەولێر زانیاری لەبارەی كورد و كوردستان لەسەردەمی عوسمانیدا كۆدەكرێتەوە

هەولێر – تایبەت بە KDP.info / ماوەی دوو رۆژە كۆنفرانسی ( كورد و كوردستان لە سەردەمی عوسمانیدا) لەشاری هەولێر بەردەوامی هەیە كە زانكۆی سەڵاحەدین بەهاوكاری زانكۆیەكی وڵاتی توركیا پێی هەڵساوە، بەیانی دواهەمین رۆژەو سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدینیش دەڵێت سەرجەم زانیاریەكانی كۆنفرانسەكە بە دۆكیۆمێنت دەكرێت.
د. ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.infoگوتی: ئێمە لە گەڵ زانكۆی ئارتوكلوی ماردینی ساڵێكە كار لەسەر ئەوە دەكەین كە ئەو كۆنفرانسە ئەنجام بدەین لەژێر ناونیشانی ( كورد و كوردستان لەسەردەمی عوسمانیدا) ئێمە پێمانوایە هەڵبژاردنی بابەتەكە گرنگیەكی ئەوتۆی هەیە، چونكە لەو كۆنفرانسە هەموو لایەنەكان لێكۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەكرێت و زیاتر لە 200 توێژینەوەی زانستیمان بۆ هاتووە وەكو زانكۆی سەڵاحەدین و دوای هەڵسەنگاندن 90 توێژینەوەمان وەرگرتووە.
ناوبراو گوتیشی: لەمیانەی سێ رۆژی كۆنفرانسەكە كە رۆژی سێشەمە یەكەمین رۆژی كۆنفرانسەكە بوو سێ تەوەر پێشكەش دەكرێت و گفتوگۆ لەسەر سەرجەم لایەنەكانی ناونیشانی كۆنفرانسەكە دەكرێت وەك بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتوری و بازرگانی و چەندین بواری تر، ئەو توێژینەوانە ئەوە ئاشكرا دەكەن كە ئێمە كاتی خۆی وەكو كورد چ پەیوەندیەكمان هەبووە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی توركیا.
دزەیی گوتیشی: یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی ئەو كۆنفرانسە بریتیە لە كاتی ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە كە ئێستایەو پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا پێشوەچوونێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو هەوڵ دەدەین ئەنجامەكانی كۆنفرانسەكە بە دۆكیۆمێنت بكەین بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگیرێت لە ئایندەدا.




