جەلەولا.. گروپێکی تیرۆرستی ھەرەشە لەخەڵک دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان نەکەن

جەلەولا- تایبەت بەKDP.info/ گروپێک بەناوی ( بیلاد عێراق شام) شەوی رابردوو بە نامە ھەرەشەیان لەخەڵکی جەلەولا کردووە، ئەگەر بەشداری لەھەڵبژاردنەکان بکەن دەیان کوژن.
لەمبارەیەوە کامەران مەحمەد بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەجەلەولا بەkdp.infoراگەیاند: شەوی رابردوو گروپێکی تیرۆرستی بەناوی (بیلاد عێراق شام) بەنامە خەڵکی جەلەولایان ئاگادارکردوەتەوە، ئەوەی بەشداری لەھەڵبژاردنەکان بکات کافرە و دەیان کوژن، ئەمەش ترسی لە لای خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.
کامەران مەحمەد گوتیشی: رەوشی جەلەولا زۆر ئالۆزە و بەردەوام لە لایەن تیرۆرستان ھەرەشە لەخەڵکی ئەو شارۆچکەیە دەکرێت .
مەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ژیانی کانیدەکان لە مەترسیدایە و بەردەوام ھەرەشەیان لێدەکرێت، پێش دوو رۆژ کاندیدێک لە دیالە کوژراوە.
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا رونیشیکردهوە، ئێمە بەردەوام کۆروکۆبوونەوە بەخەڵک دەکەین و ھانیان دەدەین، بۆئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکەن و گوێ بەم ھەڕەشانە نەدەن.
ناوبراو راشیگەیاند: ھێزەئەمنییەکانیش لەبازگەکان کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن و رێگریان لێدەکەن لەکاتی ھاتنەوەیان لەدەرەوەی شارۆ چکەكه.
بریارە20ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوە بچێت و ھەشت پارتی کوردیش بەیەک لیست لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بەشداری لەو ھەڵبژاردنانە دەکەن بەناوی (لیستی ھاوپەیمانی برایەتی وپێکەوە ژیان).




