٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گواستنەوە و راگرتنی ئیمام و خەتیبی مزگەوتەکان تەنھا لەدەسەڵاتی وەزیری ئەوقافە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، گواستنەوە و راگرتنی ئیمام و خەتیبی مزگەوتەکانی کوردستان تەنھا لەدەسەڵاتی وەزیری ئەوقافە و متەوەلی مزگەوتەکانیش مافی رێنمایدانی شەرعیان بە مامۆستایانی مزگەوتەکان نییە.

مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoرایگەیاند: لەبەر گرنگی پێگەی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی مامۆستایانی ئاینی لە کوردستان و وەک رێزگرتنی وەزارەت لەم توێژە دڵسۆزەی کۆمەڵگەی کوردەواری، ھەر ئیجرائاتێکی ئیداری وەک گواستنەوە یان راگرتن لە وتارخوێندنەوە بەرامبەر مامۆستایانی ئاینی ئیمام یاخود ئیمام و خەتیب تەنھا لە دەسەڵاتی وەزیری ئەوقافە و ئەگەر مامۆستایەکی ئاینی رێنماییەکانی وەزارەتی پێشێل کرد، ئەوا پێویستە بەرێوەبەر و بەرێوەبەرە گشتییەکانی ئەوقاف بەنوسراو و بەڵگە وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداربکەنەوە، بۆ ئەوەی وەزیری ئەوقاف بریاری گونجاوی لەسەر بدات.

مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: ئەوانەی کە وەک خێرخواز مزگەوت دروستدەکەن و دەبنە متەوەلی مزگەوتەکە، مافی رێنماییدانی شەرعیان بە مامۆستای مزگەوتەکە نابێت و تەنھا وەزارەتی ئەوقاف رێنمایی دەداتە مامۆستایانی ئاینی.

مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف تەئکیدیش دەکاتەوە، کەوا بەفەرمانی وەزاری سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەت لەسەرتاسەری ھەرێم لەم حاڵەتە ئاگادار کراونەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار