کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەڵامی سەرۆكی هەرێمی کوردستانیان داوەتەوە

ههولێر - KDP.info/ئەندامێکی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند: کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وەڵامی سەرۆكی هەرێمیان داوەتەوە و دەتوانن لە مانگی ئەیلولدا هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەین. سیروان ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە ماڵپەری تۆری عێراقی راگەیاندووە :کە وەك كۆمسیۆن وەڵامی ئەو نووسراوەی بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستانیان داوەتەوە كە تێدا داوایكردبوو هەڵبژادرنەكانی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیاندا ئەنجامبدرێن.سیروان ئەحمەد هەروەها ئەوەشی خستۆتە روو: کە لەوەڵامی نامەكەماندا بۆ سەرۆكی هەرێم دوو خاڵمان خستوەتەڕوو، ئەوانیش وەك كۆمسیۆن دەتوانین هەڵبژاردنەكان لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجامبدەین، بەڵام دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دەبێت، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو ئەندامەی کۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو: کە 37 ملیار دیناریان بۆ تێچووی هەڵبژاردنەكان دیاریكردەوە.




