گۆلتەن قشناق: با پارێزڤانەكانی گوندیش چەكەكانی خۆیان را دەست بكەنەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتەوایی لە توركیا و مەسەلەی راگەیاندنی ئاگربەست و كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە نێو سنورەكانی توركیادا، پەكەكە و بەدەپە داوا لە حكوومەتی توركیا دەكەن، كە كۆتایی بە سیستەمی پارێزڤانی گوند بهێنێت.
بە پێی هەواڵێكی خەبەری كوردی رۆژی سێ شەممە هاوسەرۆكی بەدەپە گۆلتەن قشناق لە كۆبوونەوەی گروپی پارتەكەی خۆی لە پەرلەمانی توركیادا گوتوویەتی: ئەگەر متمانەی هەر كەس بە دانانی چەك لە لایەن پەكەكەیەوە هەیە، ئەوا پێویستە سیستەمی پارێزڤانی گوند ( جاشایەتی) لە لایەن حكوومەتی توركیاوە هەڵبوەشێندرێتەوە و پارێزڤانەكانی گوندیش چەكەكانی خۆیان رادەستی حكوومەت بكەنەوە.
گۆلتەن قشناق ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر ئەمڕۆ توركیا باسی قۆناغی دیموكراتیزابوون و پرۆسەی ئاشتەوایی دەكات و داوا لە پەكەكە دەكات كە چەكەكانی دابنێت، ئەوا دەبێت هەمان داواكاریش ئاراستەی پارێزڤانەكانی گوندیش بكات و ئەوانیش چەكەكانی خۆیانیان دابنێن و بە گشتی چەك وەلاوە بنرێن و گوند پارێزەكانیش پێویستە ببنە هاووڵاتی ئاسایی.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە پێش دەستپێكردنی قۆناغی ئاشتەوایی بە پێی ئامارە رەسمییەكان 75 هەزار پارێزڤانی چەكداری گوند هەبووە و ئەمڕۆ ژمارەی پارێزڤانەكان گەیشتووە 90 هەزار كەس.




