دوای 30 ساڵ سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی مووش و دەرسیم دەكات

توركیا- KDP.info / لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، چەندین گروپ و تیمی جیاجیا دەستیان بە گەڕان لە ناوچە جیاجیاكانی توركیا بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری بۆ قۆناغی چارەسەری كردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی توركی بڵاوی كردەوە كە لە چوارچێوەی هەوڵدانەكانی حكوومەتی توركیا بۆ كۆكردنەوی پشتگیری رای گشتی توركیا بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، بریارە رۆژی هەینی سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول دەست بە گەشتێك بۆ شارە كوردییەكان بكات.
بە پێی بەرنامەی ئامادەكراو بریارە سەرەتا سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول سەردانی شاری دەرسیم و دەوروبەری بكات و لە گەڵ خەڵك و رێكخراوە مەدەنییەكانی ناوچەكەدا كۆببێتەوە و باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد بكات.
دوای كۆتایی هاتن بە كۆڕ و كۆبوونەوەكانی خۆی لە ناوچەی دەرسیم، سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول سەردانی ناوچەی مووشیش دەكات و لەوێش لە گەڵ خەڵك و نوێنەری رێكخراوە مەدەنییەكان و خاوەن كارەكان كۆ دەبێتەوە و باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەكات و داوای پشتگیریكردنی ئەم قۆناغە لە خەڵكی ناوچەكە دەكات.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە 30 ساڵە تا ئێستا هیچ سەرۆك كۆمارێكی توركیا سەردانی ئەو شارانەی نەكردووە و بەمجۆرە عەبدوڵڵا گول دەبێتە یەكەمین سەرۆك كۆمار كە سەردانی ئەم شارانە دەكات.




