وتەكانی نوێنەری شاری بۆكان بوون بە هۆكاری شەڕ لە پەرلەمانی ئێراندا

تاران- KDP.info/ رۆژی سێ شەممە پەرلەمانی ئێران بۆ دوایین جار دەستی بە گفتوگۆ لە سەر پرۆژە بودجەی ئەو وڵاتە كرد و گوتەكانی نوێنەری شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نێو پارلەماندا بوون بە هۆكاری روودانی شەڕ و دەمقاڵی.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی تابناك دوای ئەوەی كە گفتوگۆكان سەبارەت بە پرۆژە بودجەی ئێران كۆتاییان پێ نەهات و دانیشتنی پەرلەمانیش بۆ دوای نیوەرۆ دواخرا، نوێنەری شاری بۆكان و ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەی بودجە محەمەد قاسم عوسمانی ئاماژەی بەوە كرد كە پشتگیری لە پرۆژەی بودجە دەكات و دەبێت ئەو كەسانە كە دژایەتی پرۆژەكە دەكەن، متمانەیان لێ بسەندرێتەوە، چونكە ناعەدالەتییەكی یەكجار زۆر لە نێو كۆمەڵگەدا هەیە، خەڵك هەیە كە نانی نییە بیخوات، بەڵام نوێنەرمان هەیە كە بە پارەی گشتی و بە ماڵ و مڵكی رای گشتی دەستی بە پرۆپاگەندە بۆ خۆی كردووە.
دوای ئەم وتانەی نوێنەری شاری بۆكان ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە كە لە دژی پرۆژەكە بوونە هێرشیان كردووەتە سەر ناوبراو و شەڕ و دەمقاڵە لە نێو پەرلەمانی ئێراندا روویداوە.
بە هۆی بەرفراوان بوونی شەڕ و دەمقاڵییەكەوە سەرۆكی پارلەمان ناچار بووە كۆتایی بە دانیشتنەكانی پەرلەمان بهێنێت.




