بەرپرسی نوێی نووسینگەی ئافرەتان سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان دەست بە كاربوو
هەولێر - KDP.info/ لە دیدارێكدا د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەگەڵ خاتوو دالیا زەندی بەرپرسی نوێی نووسینگەی ئافرەتان سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. خاتوو زەندی هەر لە سەرەتاوە سوپاسی پشتگیری و هاریكاری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی كرد و باسیش لە كار و چالاكییەكانی رێكخراوەكە و چۆنیەتی هەماهەنگی كردن لە گەلأ حكوومەت و هاوكات باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان كرا و هەردوولا كۆبوونەوەی بەردەوامیان بە پێویست زانی.
دەربارەی رۆڵی رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە گوتی هەرێمی كوردستان ئاشنایە بە یوئێن لە كاتێكدا توانیویانە خزمەتی گەلەكەمان بكەن و لە پێناو بەرەو پێشچوونی زیاتر ئەم پەیوەندیە دەبێ پتەوتر بكرێت و بەردەوامی پێبدرێت. لە لایەن خۆیەوە د. زێباری سوپاس و خۆشحاڵی خۆی دەربری بە هەوڵەكانی یونامی و رێكخراوەكانی یوئێن بۆ گرنگیدانیان بە بوارە جیا جیاكان لە هەرێمی كوردستان، لەوانەش مافی ئافرەت و بەشداریكردنیان لە پرۆسەی سیاسی و گووتی كە رۆڵی ئافرەت لە هەرێم لە دوایی 2003 گۆڕانكاری بەرچاوی بەسەر هاتووە و ئێستە ڕێژەی بەرچاو لە ئافرەتان ئەندام پەرلەمانن و بوونیان هەیە لە پارتە سیاسسییەكان و پۆستی تری باڵایان هەیە لە حكوومەت و گشت دامودەزگاكانی هەرێم.
هەر لە میانەی دیدارەكەدا بە تێروتەسەلی باس لە رەوشی ئافرەت كرا و پەیوەندی نزیك و پتەوتر بە پێویست زانرا و كاری زیاتر لە نزیكەوە بە پێكەوەیی بكرێت، لەم بوارەدا و نەوەك تەنیا پشتگیری و یارمەتیدان بێت، بەڵكو پێویستە ئافرەت وەك پێشەنگ لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری و بواری تر بەرەوپێش بخرێت و هەڵی بۆ بڕەخسێنرێت. خاتوو زەندی لە باسی كارە دەستپێشخەرییەكاندا گوتی،:كار دەكەین لە پێناو نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەكردنی كچان بە هاریكاری یونیسێف و پشتگیری حكوومەتی هەرێم و هەروەها پشتگیری تەواوی پاڵێوراوە ئافرەتەكان دەكەین لە هەڵبژاردنەكان.
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ هەر هاوكارییەك كە حكوومەتی هەرێم بتوانێت، پێشكەشی بە رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بكا لە پێناو ئاسانكاری ئەرك و كارەكانیان بە مەبەستیگەیاندنی خزمەتی زیاتر بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.




