ئەندامانی كومیتەی چارەسەری ئەم حەفتەیە دەستنیشان دەكرن

ئهنقهره- KDP.info/دوای ئەوەی كە پەرلەمانی توركیا داواكارییەكەی حكوومەتی ئەو وڵاتەی بۆ دامەزراندنی كومیتەی لێكۆڵینەوە لە قۆناخی چارەسەری پرسی كوردی قەبووڵ كرد، ئەمرۆ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رایگەیاند كە لەم حەفتەیەدا ئەندامانی ئەو كومیتەیە لە لایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان دەكرن.
بە پێ هەوالێكی ماڵپەڕی تی ئار تی توركی، رۆژی دووشەممە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك ئاماژەی بەوە كردووە كە بریارە پەرلەمانی توركیا بە مەبەستی دەستنیشان كردنی ئەندامانی كومیتەی لێكۆڵینەوە لە قۆناخی چارەسەری پرسی كورد دانیشتنێكی تایبەتی ساز بكات.
چیچەك جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە لەم دانیشتەنی پەرلەماندا كە لە كۆتایی ئەم حەفتەیەدا ساز دەكرێت 17 پەرلەمانتاری پەرلەمانی توركیا وەكو ئەندامی كومیتەی ناوبراو دەستنیشان دەكرن و بە پێ رێنماییەكانی حكوومەت لە ناوچە جیاجیاكانی توركیادا دەست بە كاری خۆیان دەكەن.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە حەفتەی رابردوو پەرلەمانی توركیا لە سەر داواكاری سەرۆك وەزیری توركیا دامەزراندنی كومیتەی لێكۆڵینەوەی قۆناخی چارەسەری پرسی كوردی بە كۆی دەنگ پەسەند كردبوو.




