دوای سی ساڵ سەیرانی دۆڵی رەبات لە دەرسیم بۆ یەكەمینجار بۆ گەشتیارەكان ئازاد كرا
دەرسیم- KDP.info/ لە كاتی دەست پێكردنی شەڕی چەكداری پەكەكە و دەوڵەتی توركیا ناوچەی دەرسیم لە باكووری كوردستان یەكێك لەو ناوچانە بووە كە وەكو گۆڕەپانێكی گرنگی شەڕ سوودی لێ وەرگیراوە و هەر بۆیە دەوڵەتی توركیا لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە پەكەكەدا هاتووچۆی هاووڵاتییانی مەدەنی بۆ زۆربەی هەرە زۆری ناوچەكانی دەرسیم قەدەغە كردبوو.
لەم باریەوە رۆژنامەی سەباحی توركی رایگەیاند كە لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەر كردنی پرسی كورددا و بریاری پەكەكە و سوپای توركیا سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست، بۆ یەكەمینجار سەردانی گەشتیارەكان بۆ دۆڵی رەبات لە دەرسیم ئازاد كرا.
ماوەی سی ساڵە كە دۆڵی رەبات كە یەكێكە لە دۆڵە هەرە بەناوودەنگەكانی توركیا بە هۆی شەڕ نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیاوە وەكو ناوچەیەكی قەدەغەكراو لە لایەن سوپایەوە راگەیندرابوو.
رۆژی دوو شەممە بۆ یەكەمینجار سوپا رایگەیاند كە دۆڵی رەبات لەمەو بەدواوە ناوچەی قەدەغە كراو نییە، هەر بۆیە دوای چەند كاتژمێر لەم لێدوانەی سوپا، زیاتر لە 80 گەشتیار روویان لە ناوچەكە كرد.
دۆڵی رەبات خاوەن شەلالەیەكە بە درێژایی 200 مەترە یەكێكە لە ناوچە هەرە دڵرەفێنەكانی ناوچەی دەرسیم و توركیا.




