بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: ھیچ لیژنەیەکی نوێ دروست ناکرێت وھەمان لیژنەی پێشوو سەردانی بەغدا دەکات

ھەولێر -تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: ھیچ لیژنەیەکی نوێ دروست ناکرێت و ھەمان لیژنەی باڵای کار کە پێشوتر پێکھاتووە سەردانی بەغدادەکەن.
ھەڵگورد حیکمەت بەرێوبەری راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: دوای ئەوەی لەکۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ھەرێم و پەرلەمانتارو وەزیرەکان بڕیاردرا دوو لیژنەی دارایی وسەربازی پێکبێت بۆئەوەی سەردانی بەغدا بکەن، زهحمەتە ھیچ لیژنەیەکی نوێ پێکبینن و ھەر ھەمان لیژنەی باڵای کار سەردانی بەغدا دەکات.
سەبارەت بەوادەی سەردانی ئەم شاندە ھەڵگورد حیکمەت گوتی: تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ سەردانی ئەم شاندە دیاری نەکراوە، بەڵام ھەر کاتێ سەرۆک بارزانی فەرمان بکات سەردانەکە ئەنجام دهدەن.
ناوبراو بە دوریشی زانی لەم دوو سێ رۆژە ئەم لیژنەیە سەردانی بەغدا بکات و راشیگەیاند:20 ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوە دەچێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەردانە بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکان.
شایانی باسە مەبەست لەسەردانی ھەردوو لیژنەی سەربازی و دارایی بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی کێشەی سەربازی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ھەرێم وھەمواکردنەوەی یاسایی بودجە.




