لەژێر ناوی كوردستان لە نێوان رابردوو و ئێستا، زانكۆی سۆران كۆنفرانسێكی كرد

سۆران- تایبەت بە KDP.info/ بەئامادەبوونی بەرێز نەوزاد هادی، نوێنەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و دەیان كەسایەتی و ئەكادیمیی ناسراوی جیهان و كوردستان، زانكۆی سۆران بەهاوكاری سەنتەری توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی لوند، لە هۆڵی حوزنی موكریانی، پانكی گەشتیاری رواندز دەستی كرد بە سازكردنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەژێر ناوی "كوردستان لە نێوان رابردوو و ئێستا".
كۆنفرانسەكە بە زمانی ئینگلزی بەڕێوەچوو و چەند تەوەرێكی گرنگی لەخۆگرت لەوانە: كولتوور، زمان و پەیوەندییەكان، كۆمەڵگەی كوردی، راستییەكان، ئاستەنگ و ئاسۆكانی، كەمینەكان، ئایین، دیاسپۆڕا و فرەچەشنی، هەروەها پرسی ئافرەت لە كوردستان و چەندین بابەتی دیكەش.
لەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا كۆمەڵێك پسپۆڕی هەرە ناسراوی كوردۆلۆجی و بوارەكانی دیكەی كۆمەڵایەتی وتاریان پێشكەشكرد، لەوانە: پڕۆفیسۆر حەمید بوز ئەرسەلان، بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی پاریس، فەرەنسا، پڕۆفیسۆر فلیپ كرەیەنبڕۆك، زانكۆی گۆتینگن، ئەڵمانیا، پڕۆفیسۆر لیف ستێنرگ، سەرۆكی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زانكۆی لوندی سویدی، پڕۆفیسۆر هایدی مارگرێت میولەر زانكۆی ڤری برۆكسل بەلیجكا.
نزیكەی بیست پسپۆڕ و ئەكادیمیی تایبەت بەمبوارە لە زانكۆكانی ئەمریكا، كەنەدا، ئەورووپا، توركیا، كوردستان، لێكۆڵینەوە پێشەكەش دەكەن. توێژینەوەی كوردی "كوردۆڵۆجی" وەك بەشێكی دیاریكراو و گرنگی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەروەختی گەشەكردندایە.
ئامانجی ئەم كۆنفرانسە لە لایەكەوە نیشاندانی هەندێك لایەنی ئەم گەشەكردنەیە، لە لایەكی دیكەش هەڵسەنگاندنی ئاستەنگەكان دەرفەتەكانی توێژینەوەیە لەم بوارەدا.
بەواتایەكی دیكە، ئەم كۆنفرانسە لەچوارچێوەی لێكدانەوەی وردی ئەكادیمیی كار لەسەر ناساندن و نیشاندانی ئەم رەوتانە دەكات كە كاریگەرییان لە سەر دروستكردنی ناسنامە، پەرەسەندنی سیاسیی و كۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی ئابووری، پێشكەوتن و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا.
جێی باسە كۆنفرانسەكە لە رێکكەوتی 15 ی نیسان دەستی پێكرد و بەردەوام دەبێت تا 17ی نیسانی 2013.




