فەرەیدون جوانڕۆیی لە چاوپێکەوتنی KDP.info: ئەمجارە پارتی لە سلێمانی دەنگی باشتر دەهێنێت

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئەو پرسە و مەسەلەی پەیوەندی سیاسی لە نێوان حزبەكانی كوردستان و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و هۆكار و چارەسەركردنیان لە دیمانەیەكدا بۆ KDP.info فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای سلێمانی ئەوە دەخاتەڕوو كە ئێستە پارتی هەوڵی تەواو دەدات بۆ یەكخستن و یەكهەڵوێستی ناوماڵی كوردی، چونكە پارتی لە روانگەی بەرپرسیاریەتی مێژووی و نێودەوڵەتییەوە بابەتەكان سەیر دەكات.
پ: پارتی چۆن ئامادەكاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدا ئێستە بەشێك لە حزبەكان خەریكی خۆئامادەكردنن لەو بارەوە، بەرنامەی داهاتووتان چییە وەك پارتی ؟
فەرەیدون جوانڕۆیی: هەموو لایەنەكان لە ئێستەوە خۆیان ئامادە كردووە بۆ هەڵبژاردن، ئێمەش وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاریمان كردووە، جەنابی سەرۆك بارزانیش داوای لە كۆمیسیۆن كردووە كە ئامادەكاری بكات بۆ كاتی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە وردی بچینە ناو هەڵبژاردنەوە یان باسكردنەوە ئەوە هێشتا زووە، چونكە دواجار كۆمیسیۆن بڕیار دەدات كە كاتی هەڵبژاردنەكان كەیە، دوای ئەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان دانرا ئەو كاتە دەكرێت ورتر قسە لەسەر بەرنامە و ئەجێندای كاری حزبەكان بكرێت .
پ: پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو توانی سەركەوتنێكی باشی جەماوەری بەدەستبهێنێت بە جۆرێك شێوازی ئەدای دابەشكردنی پاڵێوراوەكان و خۆشەویستی دەنگدەر بۆ پاڵێوراوەكان بۆ مەكتەبی سیاسی دڵخۆش كەر بوو پێشبینی دەكرێت دووبارە پارتی بە تەكنیك و شێوازێكی دیكەی تازەوە بەشدرای لەم هەڵبژاردنە بكاتەوە؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : ئەگەر باشتر نەبین ئەوە خراپ نابین، پارتی كاری كردووە لە سەر جومگەكانی خوارەوە و پەیوەندی دروستكردن لە گەڵ خەڵك هەرچەندە دەرەنجامی هەڵبژاردن و بردنەوە و دۆڕاندن نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی سیاسی و دیموكراتییە و ڕێگایەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجی راستەقینە، بەڵام وەك پارتی ئەمجارە خۆمان بە باشتر لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر دەزانین، ئەوەش جێگای دڵخۆشییە كە ئەم حزبە لە ماوەی تەواوی تەمەنی دروست بوونی هەوڵی داوە كۆنتاكتی راستەوخۆی هەبێت لە گەڵ جەماوەر و كادیری و ئەندامانی خۆی و خەڵكی كوردستان .
پ: بڕیاری كردنەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان تاچەند سەركەوتنی بەدەستهێناوە؟ بۆ نمونە دەكرێت ئاماژە بە دەسكەوتی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بكەیت لە پارێزگای سلێمانی؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : لە دوای كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بڕیار درا ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگاكان دروست بكرێت، بە خێرا بڕیاری ئەوە درا كە چۆن و بەچ ئالیەتێك لەو بارەوە كار بكرێت، ئێمە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی كارمان كردووە و كاری باشیشمان كردووە، رێگای كادیری و ئەندامان و خەڵكمان كورت كردۆتەوە، واتە رۆژانە ئێمە خەڵك دەبینین و بە دواداچوون بۆ داواكاریەكان یان پەیامەكانیان دەكەین لە جێگای ئەوەی ئەو كادیرانە رێگایەكی دوور ببڕن ئەوە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەتوانن هەمان ئەو پەیامەی هەیانە بۆ مەكتەبی سیاسی بیگەیەنن، لە دوای كۆنفرانسیش كاری باشكراوە و جوڵەیەكی باش دروست بووە لە رێكخستنی پارتی و لە ناو جەماوەر و ناوچە و لقەكاندا، جوڵانەكان مایەی دڵخۆشین و ئێمە بە دڵخۆشییەوە دەڕوانینە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، ئەوەش بۆ ئێمە جێگای شانازییە كە خزمەتی گەلی خۆمان بكەین.
پ: باش بوونی بارودۆخی پارتی لە سلێمانی یان جوڵانەوە لە رێكخستنەكان پەوەندی بە مەكتەبی سیاسی پارتییەوە هەیە، یان كادیر و ئەندامانی سەركردایەتی لە سلێمانی هاوكاربوون بۆ ئەو باش بوونە؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : بۆ ئێمە جیاوازی نییە مەكتەبی سیاسی بێت سەركردایەتی بێت یان كادیرەکانی سەجەم ئەنجوومەنەکەمان بێت، گرنگ ئەوەیە كە هەموومان بە ئەركی خۆمان هەڵسین و كاری خۆمان بكەین، بەڵام ئێمە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی چالاكی مەیدانیمان زۆر بووە و كاری باشمان كردووە، بەردەوام بووین لە كۆبوونەوە لە گەڵ لیژنە ناوچەكان و رێكخراو و لقەكان، یانی بە گشتی هەوڵمان داوە هەماهەنگییەكی راستەوخۆ و باشمان هەبێت لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەش هەنگاوی باشتری بەدواوە دێت .
پ: تاچەند لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەوڵتان داوە پەیوەندیەكی باشتان هەبێت لە گەڵ سەرجەم هێزە كوردستانییەكان، چونكە لە راگەیاندنەكان قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنەكان پەیوەندیان لە گەڵ پارتی لە ئاستێكی خراپ دایە؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : ئێمە پەیوەندیمان لە گەڵ هەموو هێزەكانی كوردستان باشە بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، چونكە مەرج نییە ئۆپۆزسیۆن بوون بەمانای دوژمنایەتی بێت، بەپێچەوانەوە ئۆپۆزسیۆن نیشانەی هەبوونی دەسەڵاتێكی دیموكرات و كراوە دێت، بۆیە ئێمە كۆبوونەوە و دانیشتنی هاوبەشمان لە گەڵیان هەیە و ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەیە كە باس لە هەبوونی پەیوەندی خراپ دەكەن، ئەوەش دەبێت كە ناوە بەناوە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر كۆمەڵێك پرس، جیاوازیان هەبێت، ئەوەش شتێكی ئاساییە لە كوردستاندا بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە و یەكتر قبوڵكردنیش یەكێكە لە نیشانەكانی ئەو سەركەوتنە باشەی هێزە سیاسییەكان.
پ: دابەزینی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە لیستی جیاواز كاریگەری دەكاتە سەر رێکكەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتی .
فەرەیدون جوانڕۆیی : ئەم بڕیارەی یەكێتی شتێكی تازە نەبووە بەرنامە بووە و هەردوولامان بڕوامان وابوو كە لیستی جیاواز بەرژەوەندی هەردوولامانی تێدایە، لە كۆبوونەوەكان باسكراوە و گفتوگۆی لەسەر كراوە، بەڵام برادەرانی یەكێتی لە بانگەشەكردنی بە لیستی جیاواز تۆزێك پەلەیان كرد، ئەم جیا دابەزینە هیچ كاریگەریەكی بۆ رێكکەوتنی ستراتیژی نابێت و بە پێچەوانەوە پێمان وایە دابەزینی هەردوولامان بە لیستی جیا پەیامێكی گەورەتر دەبێت ئەویش دواجار هەردوولا كۆكبین لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان.
پ: رۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی ئێستە چۆن دەبینی؟ لە كاتێكدا ئێستە جگە لەوەی سەرجەم لایەنەكانی عێراق چاوەڕوانی دەستپێشخەری بەڕێزیانن، لە هەمان كاتدا لە هەرێمی كوردستانیش هیوا دەبەخشێتە یەكریزی كورد؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : جەنابی سەرۆك بارزانی بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان گوتوە، كە دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە هەر كەسێكی دیكە بانگەشەی ئەو قسەیە بكات ئەوە لە دوای قسەكانی سەرۆك بارزانی كردوویەتی، واتە بارزانی دەستپێشخەری ئەوە بووە كە دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوامان نەكردووە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان درێژ بكرێتەوە، ئەو منەتەمان پێ نەفرۆشن كە گوایە بۆ شتێكی لەو شێوەیە قسەمان لەگەڵ کردوون، چونكە ئەو قسەیەمان لەگەڵ ئەوان نەكردووە و ئەگەر هەرێمی كوردستان پێویستی بە سەرۆكی هەرێم بێت، ئەوە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن پێش هەموو لایەنەكانی دیكە ئەوە باش دەزانن لەم قۆناغەی ئێستەی كوردستان بارزانی بە دیلی نییە، دواتر بارزانی رۆلێكی كاریگەری هەبووە لە ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا، سەرجەم ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسیانە و ئەو پەوەندییە نێودەوڵەتیانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بوون لەسەر دەستی جەنابیان بووە و بەهێزی پێگەی سیاسی كاریگەری راستەوخۆی هەبووە لە گەیاندنی پەیامی كورد بە دەرەوە، وێڕای ئەوەش كەسایەتی و كاریگەری سیاسی بارزانی نەبەستراوەتەوە بە پۆستەوە، ئێستە ئەو یەكێكە لە سەركردە بەتوانا و كاریگەرەكان.
پ: تاچەند گرنگە مەكتەبی سیاسی باشتر بچێتە ناو رێكخستن و كادیرانی پارتییەوە، ئێستە كە داواكاری رێكخستنەكان زیاتر بووە بۆ بینینی مەكتەبی سیاسی؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : دروست بوونی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو ئەركەی لەسەر مەكتەبی سیاسی كەمكردەوە، چونكە دەكرێت ئێمە كارەكان راپەڕێنین، بەڵام دەرفەتیش بدرێت بە مەكتەبی سیاسی بۆ ئامادەبوونیان بە كاری پەیوەندی نێودەوڵەتی و داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی بۆ پارتی و دەرفەتی گەورەتر كە ئێمە لە ئەنجوومەن دەتوانین ئەو بۆشایانە پڕبكەینەوە، ئەوەتا بەردەوامین لە چارەسەركردنی كێشەی كادیران و بەدەمەوە چوونی خانەوادەی شەهیدانەوە .
پ: پێشبینی دەكەن ئەمجارە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەنگی باشتر بەدەستبهێنێت، هەروەك ئەو قسەی جەعفەر ئیمینكی وتەبێژی پارتی كە لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری گوڵان دەڵێت " وەزعمان لە سلێمانی لە باش بووندایە و لە 10% هەڵدەكشێین بۆ %15".
فەرەیدون جوانڕۆیی : منیش تەسەورم وایە وەزعمان لە سلێمانی باشترە و جیاوازی هەیە لە گەڵ هەڵبژاردنەكانی دیكە.
پ: باشیەكە لە چیدایە؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : لەوە دەچێت بەشێكی ئاشتبوونەوەی كادیرانی پارتی بێت بەهەر هۆیەك بێت و گەڕانەوەی ئەو دەنگانەیە كە بەهۆی یەك لیستەوە لە گەڵ یەكێتی لە دەستمان داون، ئەوانیش بەهەمان شێوە لەوە دەچێت خەڵكانێكیان بەهۆی ئێمەوە دەنگیان لە دەستدابێت، ئەم دەنگانە دەگەڕێنەوە، بۆیە بڕوام وایە دەنگی پارتی لە جاران زیاتر دەبێت.
پ: بڕیاری واهەیە لە گەڵ یەكێتی بكەونە رێكەوتنێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكان بە شێوەی هاوسەنگ لە نێوان خۆتان.
فەرەیدون جوانڕۆیی : ئێستا زووە باس لەوە بكرێت كە چۆی بكرێن و چۆن ئەو پۆستانە دابەش بكرێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن هەمولایەك بە دوای ئەوە دەگەڕێت چۆن بەرژەوەندی بپارێزێت لە حكوومەت.
پ: تاچەند بڕگە و خاڵەكانی كۆنگرەی پارتی توانراوە جێبەجێ بكرێت؟.
فەرەیدون جوانڕۆیی : ناتوانم بلێم سەد لە سەد، بەڵام هەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە و ئەو هەنگاوەش بەردەوام دەبێت و كێشەكان تەنیا لە ناوخۆدا نییە ئێستە پارتی سەرقاڵە بە كێشەی نێودەوڵەتییەوە و چارەسەركردنی كێشەی كوردەوە، لە بەغداوە ئەوانەش بۆ خۆی كاریگەیان هەیە و ئەو هەنگاونەی پارتیش هەر پیرۆزن و دەكرێت ئیدامەیان زیاتر بێت بۆ پێشختسنی دۆزی كورد .
پ: تاچەند كورد بە پەرۆشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لە بەغد،ا بە هۆی ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی شاندنی عێراقی لە گەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدار بووین ئایا ئایندەیەكی روون هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان؟.
فەرەیدون جوانڕۆیی : مالیكی پێشبینی نەدەكرد كورد بەمشێوە یەكگرتوو و هاوهەڵوێست بەرانبەری بووەستنەوە، ئێمە بەردەوام رێگای گفتوگۆمان هەڵبژاردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەردەوامیش دەبین لە سەر ئەو هەڵوێستەی خۆمان ئێستاش ئێمە نامەی لیستە كوردییەكانمان داوە بە بەغدا چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین، بۆیە دەبێت ئەوانیش باش لەوە تێبگەن كە بەبێ چوونی كورد لە عێراقی تازە هەرچی بكەن كەلێنی تێدایە و نابێت هیچ لایەنێك لە عێراق پەراوێز بخرێت، چونكە حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەت پێكهێنراوە .
پ: ئێستا هەندێك لە راگەیاندنەكان ئاماژە بە نزیكی پارتی دەكەن لە هاوپەیمانی سونەكان و لیستی عێراقی ئایا پارتی لە چ هاوپەیمانێكەوە نزیكە شیعەكان یان سونەكان؟
فەرەیدون جوانڕۆیی : ئێمە نە لە گەڵ شیعەین بۆ دروست بوونی كێشە لە عێراق و نە لە گەڵ سونەشین بۆ دروست بوونی كێشە، لە وڵات ئێمە بەرگری لە مافی خۆمان دەكەین هەر لایەنێك لە عێراق پشگیری لە مافەكانمان بكات ئەوە ئێمە لێی نزیکین، بەڵام لە سەر بنەمای دژایەتی كردنی لایەنێكی دیكە نزیكایەتی ناكەیت ئێمە تا بەرژەوەندی باڵای گەلی كورد وەستابێت سازش بۆ هیچ مافێكی بەرتەسك ناكەین و بڕوای تەواومان بەشەراكەتی نیشتمانی هەیە لە عێراق و ئەم حكوومەتەش لەسەر بنەمای شەراكەت دروست بووە و لەسەر ئەوەش هەنگاو دەنێین و دژایەتی حكوومەتی عێراقشیمان نەكردووە، وەك رێكەوتنێك لە گەڵ لایەنێك لە لایەنەكانی عێراق، بەو نیەتەی كورد بچێتە بەرەی دژەوە نەخێر ئەوەی دەكرێت و كراوە بەرگری كردن بووە لە مافی گەلی كورد، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە داهاتوودا ئەوان هەنگاویان چۆن دەبێت.
پ: رۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم چۆن هەڵدەسەنێگنن بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی؟ .
فەرەیدون جوانڕۆیی : گرنگی نێچیرڤان بارزانی لەوەدایە كە لەسەر یەك ئاست كاردەكات، بۆ نمونە ئەو پرۆژانە كە لە هەورامان و شارەزور و هەڵەبجە و گەرمیان ئەنجامی دا دەریخست كە كەسێكی شەراكەتە لە كارەكاندا و هەمیشە هەوڵی داوە دەستی هاوكاری و خزمەتگوزاری بگەیەنێتە ناوچەكانی گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی و هەوڵەكانیشی لەو بارەوە بەردەوامی هەیە، بۆ ئەوەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بە شێوەیەكی یەكسان بەرێوە بچێت، دەشبینن لە داهاتوودا سەرجەم ئەو پرۆژانەی بە رێزیان ئەنجامی داوە بۆ ئەو ناوچەیە دەكەونە بواری جێیەجێ كردنەوە لە كاتێكدا ئێستە بەشێكیان جێبەجێ كراون .
پ: ترسێك هەیە بەجیا دابەزینی پارتی و یەكێتی ببێتە هۆی دروست بوونی شەڕی راگەیاندن و نەمانی هاوپەیمانێتی نێوانیان تۆ چۆن ئەو بابەتە لێك دەدەیتەوە؟.
فەرەیدون جوانڕۆیی : هیچ پێویست نییە بكەونە دژایەتی یەكتری هەرلایەك بانگەشە بۆ لیستی خۆی دەكات و ئێمە رێكکەوتنمان لە گەڵ یەكێتی هەیە و دەمانەوێت ئەو رێکكەوتنە فراوان بكەین و دەمانەوێت خزمەتی زیارتی خەڵكی كوردستان بكەن.
پ: دوای هەڵبژاردنەكانیش رێكەوتنی ستراتیژی بەردەوامی دەبێت؟.
فەرەیدون جوانڕۆیی : بەڵێ ئێمە هەوڵدەدەین ئەم رێکكەوتنە پەرەی پێبدەین و كاری جدی لەسەر بكەین و ئامانجیشمان ئەوەیە یەكڕزی لەناو ماڵی كوردی بپارێزرێت .
هەڤپەیڤین: كارزان هەورامی _هەولێر




