نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان ده‌كات

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 15ى نیسانى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ڕۆلف ئۆڵریج كونسلى گشتیى كۆمارى ئه‌ڵمانیاى فیدرال له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیا و چۆنیه‌تیى پته‌وكردن و به‌ره‌وپێشبردنى زیاتریان؛ خرانه به‌ر باس و هه‌ردوولا داكۆكییان له‌سه‌ر فراوانكردنى بواره‌كانى په‌یوه‌ندى و به تایبه‌تیش ئه‌و بوارنه‌ى بۆ هه‌ردوولا گرنگن؛ كرده‌وه.
سه‌ردانى ئه‌م دواییه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ ئه‌ڵمانیا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نجێلا مێركل – ى ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانیا و به‌رپرسانى ئه‌ڵمانیا و ئه‌ورووپا و ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو كه تیایدا كونسلى گشتیى ئه‌ڵمانیا سه‌ردانه‌كه‌ى به گرنگ و سه‌ركه‌وتوو له قه‌ڵه‌م دا و هیواى خواست ببێته قۆناغێكى تازه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا و وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا، به تایبه‌تیش له بوارى به‌رهه‌مهێنان و هاوكاریى ووزه‌دا.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ڕه‌وشى عێراق و پێشهاته سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عێراقیان تاتوێ كرد و تیشكیان خسته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ووڵاتانى ناوچه‌كه، به تایبه‌تیش ووڵاتانى دراوسێى هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
له كۆتایى دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى هه‌موو پشتگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان دووپات كرده‌وه و ڕایگه‌یاند كه هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان ده‌كات و شانبه‌شانى كۆمپانیاكانى دیكه‌ى وڵاتانى ئه‌ورووپا و جیهان ده‌توانن بێن له هه‌رێمى كوردستان كار و پڕۆژه ئه‌نجام بده‌ن و له بواره جیاجیاكاندا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و له پرۆسه‌ى بنیاتنانه‌وه و پێشخستنى هه‌رێمى كوردستاندا به‌شدار بن.




