فیلمێك لە سەر شیخ سەعید بەرهەم دەهێنرێت

ئەستەنبووڵ- KDP.info/ دەرهێنەری ناودار یەڵماز ئەردوغان بڕیاری داوە كە لە سەر ژیانی شێخ سەعید فیلمێكی سینەمایی ئامادە بكات. لەمباریەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی رایگەیاند كە یەڵماز ئەردوغان لە سەر داواكاری هاوسەرەكەی خۆی بەلچیم بیلگین بڕیاری داوە كە فیلمێك لە سەر ژیانی شێخ سەعید ئامادە بكات.
هاوسەری یەڵماز ئەردوغان ئاماژەی بەوە كردووە كە شێخ سەعید برای باپیری ئەوە و دەزانێت كە لە نێو ژیانی شێخ سەعیددا چیرۆكی جیاجیای زۆر گرنگ هەیە، كە تا ئێستە كەس ئاگای لەم چیرۆكانە نییە و بۆ ئەوەی كە ئەم چیرۆكانە لە ناو نەچن داوام لە هاوسەرم یەڵماز ئەردوغان كردووە كە سەبارەت بە ژیانی شێخ سەعید فیلمێكی سینەمایی ئامادە بكات.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەگەر ئەم چیرۆكانە بكرێت بە فیلم، ئەوا تێگەیشتنی خەڵک بە تایبەتی توركیا لە شێخ سەعید دەگۆڕدرێت و خەڵك زۆرتر و باشتر شێخ سەعید دەناسێت.




