كەس لە ئاشتی و ئاشتەوایی زەرەرمەند نابێـت

دیاربەكر- KDP.info/ لە چواچێوەی كۆڕ و كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندان لە باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵدا، رۆژی یەكشەممە كۆمیتەی عەقڵمەندان لە گەڵ پیاوانی ئاینی لە دیاربەكر كۆ بوونەوە.
بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی دیابەكر خەبەر لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی كۆمیتەی عەقڵمەندان یەڵماز ئەنساری ئۆغڵۆ ئاماژەی بە ئارمانجی كۆڕ و كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندان كرد و گوتی: دەمانەوێت پێشنیار و بۆچوونی ئێوە كە رێنیشاندەری كۆمەڵگەن سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری و چۆنیەتی سەرخستنی ئەم قۆناغە وەربگرین.
یەڵماز ئەنساری ئۆغڵۆ لە درێژەی گوتەكانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە توركیای ئەمڕۆ پێویستی یەكجار زۆری بە ئاشتی و تەبایی هەیە و چەندە پێویستیمان بە نان و ئاو هەیە، ئەوەندەیش پێویستیمان بە ئاشتی و ئاشتەوایی هەیە، هەر بۆیە وەكو كۆمیتەی عەقڵمەندان داوا لە ئێوە پیاوانی ئاینی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ دەكەین كە هاوكارمان بن و رێگەی راستمان پێ نیشان بدەن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەیشدا پیاوانی ئاینی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ ئاماژەیان بەوە كردووە، كە ئاشتەوایی یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی ئاینی ئیسلام و تا ئێستە هیچ كەس لە ئاشتی و ئاشتەوایی زەرەرمەند نەبووە و ئێمەیش دەمانەوێت لە نێو ئاشتی و تەباییدا بژین، هەر بۆیە ئامادەین كە بەو پەڕی هێزی خۆمانەوە پشتگیری لەم قۆناغە بكەین.




