محەمەد بایراق: كوردە عەلەوییەكان هەمیشە لە دژی سیستەمی دەسەڵات بوونە

ئەڵمانیا- KDP.info/ نووسەر و لێكۆڵەری ناوداری عەلەوی محەمەد بایراق لە ئەڵمانیا سەبارەت بە كۆمەڵكوژییەكانی كوردە عەلەوییەكان سمینارێكی سازكرد و باسی لە كۆمەڵكوژییەكانی كوردە عەلەوییەكان لە نێو قۆناغە جیاجیاكانی مێژوودا كرد.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی هاوار نیوز محەمەد بایراق ئاماژەی بەوە كردووە كە لە زۆربەی هەرە زۆری قۆناغە جیاجیاكانی مێژوودا كوردە عەلەوییەكان لە دژی سیستەمی دەسەڵاتدار بوونە و هەر بۆیە رووبەرووی چەندین كارەسات و تراژیدیا بوونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە سیستەمی دەسەڵاتدار بە تایبەتی لە توركیا بۆ ئەوەی كە كوردە عەلەوییەكان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە چەندین جار كوردە عەلەوییەكانی كۆمەڵكوژ كردووە، بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ئەنجام و هەر بۆیە لەم چەند ساڵەی دوایدا سیستەم هەوڵ بۆ لاواز كردن و كەم رەنگ كردنی عەلەویتی لە نێو كۆمەڵگەدا دەدات.
بایراق جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە یەكەمین كۆمەڵكۆژی لە دژی كوردە عەلەوییەكان لە سەردەمی ئارنەڤوت نوورەدین ( سەقەڵلی نوورەدین)دا ئەنجام دراوە و لە ئەنجامدا 140 گوندی كوردە عەلەوییەكان كاولكراون. دواتر لە قۆناغە جیاجیاكانی كۆماری توركیادا كۆمەڵكوژییەكانی سیواس، مارەش، مەڵاتییە، دەرسیم، ئەلبستان، قرقخان و چرومیش پێكهاتوونە و بە هۆیانەوە بە هەزاران كوردی عەلەوی كوژراون و گوندەكانیان كاولكراوە.




