٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوا دەكرێت رۆژی یادكردنەوەی تاوانی ئەنفال سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی – تایبەت بە KDP.info /  ژمارەیەك ئەندامی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمان بەبۆنەی 25 ساڵڕۆژی تاوانی ئەنفال بەیاننامەیەك بڵاودەكەنەوە و لەم میانەدا داوا دەكەن كە ساڵانە لە سەرتاسەری عێراق ئەو یادە بەرز رابگیرێت، هەروەها داواش دەكەن حكوومەتی عێراقی فیدراڵ قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە.

 بورهان محمد فەرەج كە یەكێكە لەو ئەندامە كوردانەی پەرلەمانی عێراق كە لەنوسنگەی سلێمانی پەرلەمانەوە بەیاننامەكەیان بڵاوكردۆتەوە تایبەت بۆ  kdp.info  گوتی: ئێمە هەموو ساڵێك لەیادی تاوانی بەدناوی ئەنفال بەیاننامە بڵاودەكەینەوە و ئەمساڵیش لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەك ژمارەیەك ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكمان بەو بۆنەیەوە بڵاوكردۆتەوە و بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و سەرۆكایەتیەكانی پەرلەمان و حكوومەت و ناوەندەكانی بڕیارمان ناردووە، لەمیانەی ئەو بەیاننامەیەدا داوامان كردووە كە پێویستە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ وەك میراتگرێكی حكوومەتەكانی رابردووی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كورد و كەسوكاری ئەنفالكراوان بكات، هەروەها قەرەبووی سەرجەم كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال بكاتەوە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بە ئەو ناوچانە بكات كە پرۆسەی ئەنفال گرتویەتییەوە.

ناوبراو گوتیشی: لە میانەی ئەو بەیاننامەیەدا داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە، كە كاربكات بۆ ئەوەی هەموو ساڵێك لە سەرتاسەری عێراق رۆژی 14-4 كە تایبەتە بە تاوانی ئەنفال یادبكرێتەوە و بەرز رابگیرێت، هەروەها داواشمان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كردووە كە بەزووترین كات بە ئەركی خۆی سەبارەت بە لێپێچینەوە و سزادانی ئەو كەسانەی كە لە تاوانی ئەنفالدا رۆڵ و دەستی هەبووە، جگە لە ئەوەی كە هەر لە بەیاننامەكەدا داوامان ئاراستەی وەزارەتی شەهیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان كردووە كە بە زووترین كات كار لە پرۆژەی قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی تاوانی ئەنفال بكات و پێشكەشی ئەندامانی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بكات، بۆ ئەوەی بە یاسا بكرێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار