پەرلەمانتارێکی کورد:مالیکی لە ژێر فشاری ئەمەریکا رازی بووە گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات

بەغدا- تایبەت بە kdp.info/ د.رزگار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بە kdp.infoراگەیاند: لە بەر دوو ھۆکار نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رازی بووە گفتوگۆ لە گەڵ کوردا بکات، لەوانەش فشاری ئەمەریکا و پروپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان.
د.رزگار گوتیشی: کاتێک کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی عێراقی کرد داوای لە نوری مالیکی کردووە، پێویستە گفتوگۆ بکات و کێشەکان چارەسەر بکرێن، ھەر بۆیەش مالیکی لە ژێر ئەو فشارەی ئەمەریکا رازی بووە گفتوگۆ لە گەڵ کورد بکات و لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت ئەو گفتوگۆیانە بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان بەکاربێنێت و بەخەڵکی عێراق بڵێت ئێمە دەمانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەین و خۆی لەو بەرپرسیاریەتییە دووربگرێت کە لە سەر شانیەتی و ئەو قەیرانانەی دروستی کردووە.
ناوبراو گوتیشی: بەرای من گفتوگۆکان ھیچ ئەنجامێکی نابێت، لە بەرئەوەی مالیکی خاوەن بەڵێن نییە و ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت مالیکی جێبەجێیان ناکات، بۆیە ھیچ ئەنجامێکی نابێت و تەنیا کات کوشتنە.




