جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ناوەندی داكۆكی لە زیان لێ كەوتوان و ئاوەدانی پشدەر كرد

ئەمرۆ یەك شەممە 14/4/2013 دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ناوەندی داكۆكی لە زیان لێ كەوتوان و ئاوەدانی پشدەر كرد.
لەدیدارێكدا شاندەكە خۆشحاڵی خۆیان بە دیداری جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیشان دا و بەناوی خەڵكی دەڤەری پشدەر چەند داواكاریەكیان لەپێناو باشتر ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدانی دەڤەرەكە خستە روو بە تایبەت لە رووی قیرتاوكردنی رێگای كێڵێ و كردنەوەی ژمارەیەك فەرمانگەی حكوومی لەقەڵادزێ بۆ ئەوەی راستەوخۆ كار و مامەڵەی هاووڵاتیان رایی بكات و كار بكرێت بۆ ئەوەی بەش و پسپۆری زیاتر و هەروەها كۆلیجی كشتوكاڵیش لەو دەڤەرە بكرێتەوە.
لەبەرامبەردا دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و ستایشی رۆڵ و قوربانی دان و پێگەی دەڤەری پشدەری كرد لەبزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و ئەوەی راگەیاند پێویستە خەڵكی ئەو دەڤەرە و دەڤەرەكانی تری كوردستان لەهەموو روێكەوە خزمەت بكرێن و بەڵێنی پێدان لەرێگەی لیژنە پەیوەندارەكانی پەرلەمان كار بۆ بەدواداچوون و جێبەجێ كردنی داواكەیان بكرێ




