د.عەلی بەلۆ: سەرهتای مانگی پێنج کێشەی سوتەمەنی چارەسەر دەکرێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ د.عەلی بەلو راوێژکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەKDP.infoرایگەیاند: ئەو قەیرانەی سوتەمەنی کە ماوە ماوە لەناکاو رودەدات لەدەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا نییە بەزوویی چارەسەری بکات، بەڵام پلانی درێژخایەنی ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەربکات، کە بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا پاڵاوگەی بازیان بکەوێتە کار کە رۆژانە یەک ملیۆن و250ھەزار لیتر بەنزین بەرھەم دێنیت، کە ئەمەش دهبێتە ھاوکار بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵاوگەی خەباتیش فراوان دەکرێت و رێژەی بەرھەم ھێنانی بەنزین زیاد دەکات بۆ دوو ھێندەی ئێستا، کە رۆژانە یەک ملیۆن و300ھەزار لیتربەھەم دێنێت.
د.عەلی بەلۆ گوتیشی: یەکێک لە ئەو ھۆکارەی کە ئەو قەیرانەی دروست کردووە، کەمکردنەوە بەشە بەنزینی ھەرێمی کوردستان لەلایەن پاڵاوگەی بێجی ، چونکە پاڵاوگەی بێجی بەرھەم ھێنانی بەزینی دابەزیوە، ھەر بۆیەش ئەم قەیرانە دروست بووە.
بەلۆ لەدرێژەی قسەکانیدا راشیگەیاند: بەپێی ئەو زانیاریانەی کەلە پاڵاوگەی بازیان بەدەستیان گەیشتووە، رەنگە سەرهتای مانگی پێنج بکەوێتە کار.
ناوبراو روونیشیکردهوە، پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان ئیمزا بکات، بۆئەوەی بەنزین ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن بە نرخێکی گونجاو، بۆئەوەی ئەو قەیرانەی سوتەمەنی چارەسەربکرێت.




