وەزارەتی ئەوقاف دوا مۆڵەت بەو حاجیانە دەدات کە ئەمساڵ ناویان بۆ سەفەری حەج دەرچووە

ھەولێر - تایبەت بەkdp.info/ وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆتایی ئەم مانگە وەک دوا مۆڵەت بۆ پارەدانی حاجیانی ئەمساڵی ھەرێم دیاری دەکات و ھەرکەسێک لەو ماوەیەدا ئامادەنەبێت مافی سەفەرکردنی نامێنێت.
مەریوان نەقشبەندی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە kdp.infoرایگەیاند: دوای ئەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ماوەی مانگێکی دیاریکرد بۆ ئەو حاجیانەی کە لە تیروپشک بۆ سەفەری ئەمساڵ ناویان دەرچووە ژمارەیەک لەو بەرێزانە ھێشتا نەھاتوون بۆ ئەوەی پارە بدەن بۆیە وەزارەتی ئەوقاف مۆڵەتی 15 رۆژی دیکەی بەو بەڕێزانە داوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە گوند و شوێنە دوورە دەستەکانن بۆ ئەوەی ھەتا کۆتایی ئەم مانگە 30/4/2013بێن مامەڵە بکەن و پارە بدەن.
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: ھەرکەس لەم ماوەیەدا ئامادە نەبێت حیساب دەکرێت سەفەر ناکات و مافی سەفەرکردنی دەفەوتێت و خەڵکی تر لەشوێنی دادەنرێت. شایانی باسە خەرجی ھەر حاجییەکی ئەمساڵی ھەرێم، چوار ملیۆن و دووسەد ھەزار دیناری عێراقییە.




