پێنجەمین رۆژی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا

لە پێنجەمین رۆژی دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە بەڕێزان فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم سەرۆكی شاند و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، چەندین كۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ بەڕێزان سەرۆكی زۆرینە لە كۆنگرێس و ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا و كاربەدەستانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران و یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و گەورەبەرپرسانی وەزارەت و جێگری یەكەمی وەزیری وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكان ساز كرد.
شاندی هەرێم لە دیداری جیادا، لەگەڵ هەر یەك لە بەڕێزان كریس ڤان هۆلین و ریك كانتەر بەرپرسی كۆماریەكان لە ئەنجومەنی پیران و مایك رۆجەرز سەرۆكی لیژنەی هەواڵگریی كۆبۆوە.
لە سێ دیداری جیادا شاندی هەرێم تیشكی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی عێراق دوای 10 ساڵ بەسەر شەڕی ئازادكرنیدا و باس لە پرۆسەی سیاسی و ئەو قەیرانانە كران كە دووچاری عێراق بوونەتەوە لەسەر هەموو ئاست و بوارەكاندا. شاندی هەرێم سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا دووپات كردەوە بۆ ئەو پاڵپشتییەیان لە پرۆسەی دیموكراسی و ئەزموونی گەلی كوردستان، هەر وەها ئاماژەیان بە پێشڤەچوونەكانی هەرێمی كوردستان دا لە بوارەكانی ئابووری و پێگەی سیاسی و مافەكانی ئافرەت و سەرەوەریی یاسا و كۆمەڵایەتی و ئازادیەكان بەشێوەیەكی گشتی.
شاندی هەرێم هەروەها پوختەیەكی لەسەر پەرەسەندنەكانی كوردستان خستەڕوو كە گەلی كوردستان لە راپەڕینی ساڵی 1991 ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوو، بەڵام ئەمڕۆ بۆتە پەناگەیەكی ئارام بۆ سەرجەم عێراقیەكان و بە تایبەت مەسیحییەكان كە لە ناوچەكانی دی لە ترسی تیرۆر و توندوتیژی و جیاكاریی تایەفەگەریی روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، لەم دواییانەشدا بەهۆی ئاڵۆزیەكانی سووریا هەتا ئێستا زیاتر لە 110 هەزار ئاوارەی سووریا، كوردستانی ئارام پەناگەیە بۆیان.
هەر لە میانی ئەو دیدارانەدا، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و چۆنێتی دەرچوون لەو قەیران و تەگژانە و دۆخی سووریا و كاریگەریی ئاڵۆزیەكانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا باسیان لێوەكرا.
ئەندامانی كۆنگرێسیش لەلایەن خۆیانەوە جەختیان لەسەر پشتگیری كردنی خۆیان بۆ پرۆسەی دیموكراسی كردەوە و كۆنگرێسمانی دیموكراتی كریس ڤان هۆلین گوتی كە ئەو شانازی دەكات بەوەی كە دۆستی گەلی كوردە. ئەندامانی كۆنگرێس لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی هەرێم خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی كە ئەم سەردانەی شاندی كوردستان دەرفەتێكی باشی بۆ ئەوان رەخساند تاوەكە لە نزیكەوە ئاگاداری نیگەرانی و تێڕوانینەكانی هەرێمی كوردستان بن لەمەڕ ئەو پرس و تەوەرانەی خرانەڕوو.
لە دیدارەكاندا تەئكید لەسەر گرنگیی پشتگیریكردنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ عێراقێكی دەستووری و فیدراڵ و دیموكرات كرایەوە كە عێراقییەكان بتوانن خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن لە رێگای پابەندبوون بە دەستوور و گرتنەبەری شەراكەتی راستەقینە لە حوكمڕانیدا.
شاندی هەرێم هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی و حكوومەتی هەرێمی دووپاتكردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور و فیدراڵیزم و پەیڕەوكردنی دیموكراسی رێگاچارەی گشت كێشە و قەیرانەكانە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا، باس لە پرسی نەوت و گاز كرا و شاندەكەی كوردستان جەختی لەسەر درووستیی سیاسەتی هەرێم كردەوە كە بە ئاراستەیەكی راست و رووەو ئایندەیەكی پرشنگدار هەنگاو دەنێ. هەروەها باس لەو سیاسەتە سەركەوتووە كرا كە هەرێمی كوردستان گرتوویەتیە بەر سەبارەت بە كەرتی نەوت.
هەر لەو كۆبوونەوانەدا شاندی هەرێم پرسی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی خستەڕوو كە لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكادا كاری بۆ بكرێ لە پێناو بەفەرمی ناساندنی تاوانی جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی.
ریك كانتەر بەرپرسی كۆماریەكان لە ئەنجومەنی پیران لە دیدارەكەدا سڵاو و رێزی خۆی بۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە شاندەكەی هەرێمدا نارد كە لە میانی كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا چاوی بە جەنابیان كەوتبوو، وهاوكات ناوبراو خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەو پێشكەوتنە بەرچاوانەی كوردستان دەربڕی كە سەرجەم بوارەكانی گرتۆتەوە.
لەهەمان رۆژدا شاندی هەرێم لەگەڵ كاربەدەستانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران كۆبۆوە و لە میانی دانیشتنەكەدا باسی لە دید و تێڕوانینی سەركردایەتی سیاسی و حكوومەتی هەرێم كرد سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و قەیرانەكانی ئەمڕۆی سەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و چۆنیەتی دەرچوون لەو تەگژەو ئاڵۆزیانە. جەختیش لەسەر پشتگیریی كردن لە عێراقێكی دیموكرات و فیدراڵ كرایەوە.
لەو دیدارەشدا چەندین تەوەری پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان لە عێراق و پرسی نەوت و گاز و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم تیشكیان خرایە سەر. و كاربەدەستانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا خۆشحاڵی خۆیان بەرامبەر ئەو پەرەسەندن و پێشكەوتنانە دەربڕی كە لەم چەند ساڵەدا لە گشت بوارەكاندا لە هەرێمی كوردستان بەدی هاتوون.
لە هەمان رۆژدا شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بێس جۆنز یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك و باربارا لیف جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاروباری وزە كۆبۆوە.
لە دانیشتنەكەدا چەندین تەوەر خرانەڕوو كە بریتی بوون لە قەیران و تەگژەكانی عێراق و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و ئەو كێشانەی بوونەتە هۆی بەشداریی نەكردنی وەزیرە كوردەكان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا. هەروەها باس لەو كێشانەش كرا كە چەندین ساڵە لە ئارادایە و هەتا ئەمڕۆ دژ بە هەرێمی كوردستان پەیڕەو كراوە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پرسی چۆنیەتی حوكمڕانیكردن لە بەغدا و پابەند نەبوون بە دەستوور باسی لێوەكرا، لەمبارەیەشەوە كێشەكانی چەند ناوچە و پارێزگایەكی عێراق خرایەڕوو كە بۆ چەندین مانگ دەچێ ناڕەزایی و خۆپێشاندانیان تێیدا بەردەوامە.
هەروەها باس لە پرسی وزە و چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵیدا و رەوشی سووریا و كاریگەریی دۆخی ئاڵوزی سووریا بەسەر عێراق و كوردستانەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا كرا.
لایەنێكی دیكەی دیداری نێوان شاندی هەرێم و بەرپرسانی دەرەوەی ئەمەریكا، باسكردنی رۆڵ و سیاسەتی ئەمەریكا و ئاستی بایەخپێدانی واشنتۆن بوو بە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراق و لەمبارەیەوە شاندی كوردستان داوای لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد بە راشكاوی هەڵوێست و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بەو كێشانە بخەنە روو كە لە عێراقدا لە ئارادان و هاوكات داواش لەهەموو لایەك بكرێ كە پابەند بن بە عێراقێكی فیدراڵ و دیموكرات و بە دەستووریشەوە پابەند بن، شاندی هەرێم داوای كرد كە پشتگیریی لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بكرێ، چونكە هەڵوێستێكە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدایە.
بەرپرسانی دەروەی ئەمەریكاش بەڵێنیان دا كە ئەوان لە سەر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا و هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی دیكەش بەردەوام دەبن لە پێناو ئەوەی بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بن و جەختیان لەسەر ئەوەش كردەوە كە پشتگیریی لە عێراقێكی فیدراڵ و دیموكرات دەكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا كە زۆر راشكاوانە و لە كەشێكی یەكجار دۆستانە بەڕێوە چوو، هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بەو پەیوەندیانەی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەربرٍی.
شایانی باسە دوای كۆبوونەوەكە، وەزارەتی دەروەی ئەمەریكا راگەیەنراوێكی سەبارەت بەم سەردانەی شاندی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، كە یەكەم جارە دەرەوەی ئەمەریكا بەم شێوەیە بەیانێك دەربكات و تێیدا پشتگیریی خۆیان بۆ سەرجەم ئەو تەوەرانە خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوولا باسیان لێوە كرا، بە تایبەتیش هەڵوێستیان لە بارەی پشتگیریكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كە وەك لە بەیانەكەدا هاتووە پێویستە ببێتە دەوڵەتێكی فیدراڵ و دیموكرات.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵی خۆیشی نیشانداوە سەبارەت بە ناردنی شاندێك لەلایەن بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانییەوە بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانیی.
لە هەمان رۆژدا، شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز جۆناسان ئێڵكند جێگری یەكەمی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ سیاسەت و كاروباری نێودەوڵەتی و هاوكارانیان كۆبۆوە و لە دیدارەكەدا پرسی وزە و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت و رێكخستنی داهاتەوە تاوتوێ كرا.
لە دانیشتنەكەدا باس لە سیاسەتی وزەی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق كرا، دیسان ئەو هەوڵانەش خرانەڕوو لە پێناو چارەسەركردنی كێشە بنەڕتیەكانی كەرتی وزە لە عێراقدا. وسەبارەت بە رێكخستن و دابەشكردنی داهاتی وزە، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە پرۆژە یاسای دابەشكردنی داهات یاساكاریی بۆ بكرێ و ببێتە یاسا. تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە ئاماژەدان بوو بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆماری توركیا سەبارەت بە نەوت.




