بەلگەکان ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سوریا دەکەن

حەلەب - KDP.info/ ئاژانسێكی جیهانی بەڵگە لەسەر كیمیابارانكردنی شاری حەلەب دەخاتەڕوو، ئەوەش روندەكاتەوە كە كۆمەڵێك بەڵگەی ڤیدیۆیی بەركەوتوانی كیمیاوی دەبنە بەڵگە بۆ بەكارهێنانی ئەو چەكە لە سوریا.
ئاژانسی AFPئاماژە بەوە دەكات كە رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی بەڵگەی لەسەر بەکارهێنانی چەكی كیمیاوی خستۆتەڕوو بە پێی ئەو بەڵگەیە لە شاری حەلەب رژێمی بەشار ئەسەد پەنای بردۆتە بەر بەكارهێنانی ئەو چەكە و پێش بەکارهێنانیشی ئاگاداری دامودەزگا و هێزە سەربازییەكانی خۆیان كردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن، بەپێی ئاماری چالاكوانەکان ژمارەی بەركەوتنی ئەو چەكە 34 كەسن و تا ئێستا 3 لەو كەسانە گیانیان لە دەستداوە، هاوكات وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەو چەكە جگە لە شاری حەلەب لە چەند شوێنێكی دیكە بەکارهێنراوە بەتایبەتی لە خان عەسەل.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە نووسان بەشێكی زۆری ئەو چەكە لەناوچە كوردیەكان وەشێنراوە بەتایبەتی لە گەڕەكی "شێخ مەقصود"، ئەوەش دەخرێتەڕوو كە تائێستا بەكارهێنانی ئەو چەكە بەردەوامی هەیە، هاوكات بانكی مۆن ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانی و دڵەڕاوكێی نەتەوەیەكگرتووەكانی لەو بارەوە دەربڕیووە و داوای بەدواداچوون دەكەن لەو بارەوە.




