شاندی باڵای پەرلەمانی كوردستان سەردانی مەزاری نەمرانی لەبارزان كرد

ئەمرۆ شەممە 13/4/2013 شاندێكی باڵای پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی دكتۆر حهسهن محهمهد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمان و راوێژكاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی دەربڕینی سۆز و وەفاداری خۆیان بۆ باوكی روحی نەتەوەی كورد و هەموو كوردستانیان بارزانی نەمر سەردانی مەزاری نەمران یان لەبارزان كرد و لەلایەن شێخ خەڵات عهبدوڵڵا بارزانی نوێنەری سەرۆكی هەرێم بەگەرمی پێشوازی كران.
دوای رێورەسمی دانانی تاجە گوڵینەی پەرلەمانی كوردستان و خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە بۆ گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو، شێخ خەڵات عهبدوڵڵا بارزانی نوێنەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیڤێكدا بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی پەرلەمانی كوردستانی كرد .
دواتر دكتۆر حهسهن محهمهد سوورە بەناوی پەرلەمانی كوردستان لەوتەیەكدا تیشكی خستە سەر خەباتی بێوچانی بارزانی نەمر و ئەوەی راگەیاند وەكو پەرلەمانی كوردستان هاتووین سۆز و وەفاداری خۆمان بۆ باوكی روحی نەتەوەی كورد و هەموو كوردستانیان دووپات بكەینەوەو ئەوە رابگەێنین كە ئەمرۆ رێبوارانی ئەو رێگا پیرۆزە درێژە بەو خەبات و تێكۆشانە دەدەن كە ئێوە بناغەیەكی پتەوتان بۆ دانا لەپێناو ئاوەدانی و گەشەپێدانی كوردستان و وەدی هێنانی مافە رەواكانمان.
هەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان بەشانازیەوە لە سەر مەزاری نەمران یاد و بیرەوەری بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی سەركردەی دیاری ئاشتبونەوەو تەبایی ناوماڵی كوردان وەك هەمیشە بەرز و پیرۆز رادەگرێ.
هەرلەدرێژەی وتەكەیدا گوتی: بارزانی نەمر ئەو مرۆڤە مەزنە بوو كە هەرگیز وازی لەكێشەی كورد نەهێنا و لەداواكاری دیموكراسیی بۆ عیراق پاشگەزنەبۆوە، تا دوژمنانی ناچار كرد مل بۆ خواستەكانی گەلی كوردستان كەچ بكەن و دان بە بەشێك لەمافەكانی دابنێن كە لە رێكەوتنامە مێژووییەكەی یازدەی ئادار هاتە دی و بە یەكێك لەو بەڵگە و دۆكیۆمینتە مێژوویانە دێتە ژماردن كە لەخەباتی گەلی كوردستان دا بۆ وەدیهێنانی مافەكانی گەلەكەمان وەدەست هاتوون و لەدوای راپەرینی بەهاری 1991یش هەر ئەو رێكەوتنامەیە، بووە بنەمایەكی پتەوی یاسایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئیلهام بەخشی ئەو دەسكەوتانەشی كە دوای رووخانی رژێمی عیراق لە 2003 بۆ جێگیركردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عیراق دا بەدی هات. هەر بۆیە هەتا كورد هەیە قەرزاری بارزانی یە.
ئەمەش دەقی وتەكەی دكتۆر حهسهن محهمهد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
وەكو پەرلەمانی كوردستان هاتووین سۆز و وەفاداری خۆمان بۆ باوكی روحی نەتەوەی كورد و هەموو كوردستانیان دووپات بكەینەوەو ئەوە رابگەێنین كە ئەمرۆ رێبوارانی ئەو رێگا پیرۆزە درێژە بەو خەبات و تێكۆشانە دەدەن كە ئێوە بناغەیەكی پتەوتان بۆ دانا لەپێناو ئاوەدانی و گەشەپێدانی كوردستان و وەدی هێنانی مافە رەواكانمان دەدەن .
پەرلەمانی كوردستان بەشانازیەوە لە سەر مەزاری نەمران یاد و بیرەوەری بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو بەرز و پیرۆز رادەگرێ.
بارزانی نەمر لەهزر و بیرەوەری كوردستانیان هەمیشە ئەو سەركردە كاریزمایەی گەلی كوردستانە كە وەك سەركردەیەكی شۆرشگێری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان تەمەنی خۆی بە خەبات و تێكۆشان بۆ وەدی هێنانی مافی گەلەكەی بەخشی و لەسەرتاسەری جیهان وەك سەركردەیەكی كاریزما و دیار ناسرا .
بارزانی نەمر لەپێناو وەدیهێنانی مافە رەواكانیگەلی كوردستان بە ئومێدەوە هاتە گۆڕەپانی خەبات و ناسنامە و ئاڵای كوردستانی پاراست بۆ هەمیشە بوە هێما و ناسنامە و سیمبولی نەتەوەی كورد، ئەو پێشمەرگە نەبەزە بوو كە لەشۆرشیی شێخ مەحموودی حەفید و دامەزراندن و پاراستنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بەشداری كرد و پاڵەوانی رێرەوە مێژووییەكەی بەرەو یەكێتی سۆڤیەتی جاران و پەڕینەوە لەرووباری ئاراس بوو.
بارزانی نەمر توانی رابەرایەتی گەورەترین شۆرشی هاوچەرخی گەلی كوردستان بكات بە كۆكردنەوەی هەموو چین و توێژەكان و ئایین و پێكهاتە نەتەوەییەكان لەژێر ئاڵای كوردستان و شۆڕشیی مەزنی ئەیلوول دا.
ئەو بە یەك چاو لەهەمووانی دەروانی رێزی بۆ ئافرەت و پاراستنی ئایین و كلتور و دابونەریت هەبوو سیاسەتێكی سەردەمیانەی پەیرەو كرد و وەك سیمبولی دیموكراتخواز و ئاشتی خواز و ئازادیخواز و پارێزەری ژینگە و رێزگرتن لەمافی مرۆڤ و پەیرەوكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كوردی بە هەموو دنیا ناساند.
بۆیە پەند و وانەكانی ئەو زاتە مەزنە بۆ ئەمرۆی ئێمە و سبەی نەوەكانمان زۆر گرنگە تاوەوكو دەرس و پەندی لێ وەربگرین و لێیەوە فێربین.
بارزانی نەمر ئەو مرۆڤە مەزنە بوو كە هەرگیز وازی لەكێشەی كورد نەهێنا و لەداواكاری دیموكراسیی بۆ عیراق پاشگەزنەبۆوە، تا دوژمنانی ناچار كرد مل بۆ خواستەكانی گەلی كوردستان كەچ بكەن و دان بە بەشێك لەمافەكانی دابنێن كە لە رێكەوتنامە مێژووییەكەی یازدەی ئادار هاتە دی و بە یەكێك لەو بەڵگە و دۆكیۆمینتە مێژوویانە دێتە ژماردن كە لەخەباتی گەلی كوردستان دا بۆ وەدیهێنانی مافەكانی گەلەكەمان وەدەست هاتوون و لەدوای راپەرینی بەهاری 1991یش هەر ئەو رێكەوتنامەیە، بووە بنەمایەكی پتەوی یاسایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئیلهام بەخشی ئەو دەسكەوتانەشی كە دوای رووخانی رژێمی عیراق لە 2003 بۆ جێگیركردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عیراق دا بەدی هات. هەر بۆیە هەتا كورد هەیە قەرزاری بارزانی یە.
ئەمرۆش بە هەمان گیانی لەخۆبوردوانە رێبواری ئەو رێگا پیرۆزەین بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و پەرەپێدانی و داكۆكیكردن لەو مافە دەستوریانەی كە بەرەنج و تێكۆشان هاتۆتە دی
سڵاو لە گیانی پاكی ئەو قارەمانە بێ وێنەیەی كە لەسایەیدا كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست خەباتی رەوای بۆ وەدیهێنانی مافەكانی دەكرد.
سڵاو لەگیانی پاكی بارزانی مستەفا كە سیمبولی بەرخودان و ژیانی ئازاد و نموونەی بەرزی سەركردایەتی خۆراگر و جێ ئومێدی خۆزگە و هیواكانی تاكی كوردستانی و پشتیوانی هەمووان بوو.
سڵاو لەمرۆڤە مەزنەی كە تاكو ئێستاش بەردەوام لەكانی بیری پاكی كوردایەتی و مرۆڤایەتی ئەودا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافەكانی گەلی كوردستان و خەباتی بەردەوام بۆ گەیشتن بە داخوازیەكانمان سوودی بەردەوام وەردەگرین.
سڵاو لەسەركردەی دیاری ئاشتبونەوەو تەبایی ناوماڵی كوردان ئیدریس بارزانی
بژی كورد بژی كوردستان




