وتاربێژێکی نەجەف: تەنیا ئەوە ماوە عزەت دووری ببێتە وەزیر لە حکومەتەکەی مالیکی

عێراق - KDP.info /وتارخوێنی نوێژی هەینی لە شاری نەجەف دەڵێت ئێمە هەموارکردنی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری لە نێوان حکومەتەکەی مالیکی و بەعسییەکان رەتدەکەینەوە. مالیکی بەعسییەکانی گەڕاندۆتەوە دەسەڵات، سەدرەدین قوبانچی، وتارخوێنی هەینی لە شاری نەجەف، کە یەکێکە لە مەرجەعە دیارەکانی شیعە لە عێراق، رایگەیاند : هەرچەندە دەکرێت ئامانجی سیاسی و حیساباتی هەڵبژاردن لە پشتەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بێ، بە گەڕانەوەی بەعسییەکان بۆ پۆستە هەستیارەکانیان لە دەوڵەت، بەڵام ئەو بڕیارە چاوەروان نەکراو بوو، سەدرەدین قوبانچی ئەوەی خستۆتە روو: کە لە رووی بنەماکانی مرۆڤایەتییەوە، بەعسییەکان وەک هەر هاووڵاتیەکی ئاسایی لە عێراق دەژین و گرفتمان لە گەڵ ئەوەدا نییە، بەڵام بڕیارێک بدرێت بە دامەزراندنیان لە پۆستە هەستیارەکانی دەوڵەت ئەوکات جێی قەبوڵکردن نییە ، قوبانچی هەروەها دەڵێت گەر گوێمان لێبوو عیزەت دووری بووەتە وەزیر لە حکوومەتی عێراق دەبێت توشی سەرسوڕمان نەبین، چونکە لە سایەی یاسا نوێکەوە دوور نییە ماوەیەکی دیکە ئەو راستییە بە چاوی خۆمان ببینین.




